دوای شەڕ و پێکدادانی توند و بۆردوومانی هەڕەمەکی لەنێوان چەتەکانی "هەیئەی تەحریر ئەلشام" و هێزەکانی حکومەتی شام، پەیتا پەیتا خەڵکی حەلەب لە گەڕەکەکانی ژێردەستی حکومەتەوە ڕوودەکەنە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە.
بازگەکانی حاجز عەوارز و ئەشرەفیە و بەنی زەید و جەزیرە کە لە ژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەدان، پێشوازیی لە ئاوارەکان دەکەن کە زۆربەیان لە گەڕەکەکانی حەمدانیە و فورقان و حەلەبی نوێوە هاتوون.
بەپێی زانیارییەکان لەگەڵ پێشڕەویی چەتەکاندا، هێزەکانی حکومەت بنکەکانیان جێهێشتووە. جێگەی باسە، پاش بۆردوومانی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی شاری حەلەب و کوژرانی ٤ خوێندکاری زانکۆ و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی حەمدانیە و حەلەبی نوێ و گەڕەکی ڕاشدین، کۆچی بەلێشاوی دانیشتووانی گەڕەکەکان بەرەو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، ڕووی لە زیادبوون کردووە.