کەجەکە هێرشی بۆ سەر هێزەکانی پاراستنی سوریانی شەرمەزار کرد

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هێرشی بۆ سەر هێزەکانی پاراستنی سوریانی لە ڕۆژئاوا شەرمەزار کرد و داوای لە گەلی ئاشووری-سوریان کرد بە شێوەیەکی بەهێزتر بەشداری لە پاراستنی ڕۆژئاوا بکەن.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، یادی سێ ئەندامی سۆتۆرۆی کردەوە کە لە هێرشێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٨ی شوباتدا شەهید بوون و داوای لە گەلی ئاشووری-سوریان کرد کە لە چوارچێوەی بیرۆکەی نەتەوەی دیمۆکراتیکی گەلان، یەکگرتوویی خۆیان بەهێزتر بکەن، بۆ تێکشکاندنی پلانە قڕکارییەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە پێویست بە تێکۆشانێکی یەکگرتوو هەیە.

ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە:

"دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤، جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا، ئەمجارەش دەوڵەتی تورک هێزەکانی پاراستنی سوریانی لە شاری دێرک کردە ئامانج و لە ئەنجامی هێرشەکەدا 3 ئەندامی ‌هێزەکانی سۆتۆرۆ شەهیدبوون و ٢ ئەندامی دیکەش بریندار بوون، سەرەتا سێ شەهیدی سۆتۆرۆ و هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بە ڕێزدارییەوە بە بیر دەهێنینەوە، هیوای سەرسڵامەتی بۆ گەلی سوریان و گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەخوازین، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە توندی شەرمەزار دەکەین. خۆمان بە هاوبەشی ئازارەکانی گەلی ئاشووری- سوریانی دەزانین و هاوسۆزی خۆمان بۆ گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەردەبڕین.

دەوڵەتی تورک و حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بەم هێرشە جارێکی دیکە نیشانیان دا کە چەندە دوژمنی گەلانن و جارێکی دیکەش ڕووخساری فاشیست و مرۆڤکوژی خۆیان بەم هێرشە نیشانی هەموو لایەک دا. عەقڵیەت و سیاسەتی قڕکەری دەوڵەتی تورک ئەوەندە قوڵ بووەتەوە کە لە ئازادییەکانی گەل دەترسێت و بەو بۆنەوە هێرش دەکاتە سەر گەلان. وەک دوپشک ژەهر بڵاو دەکاتەوە. بەم عەقڵیەتە فاشیستی، قڕکەر و ڕەگەزپەرستیانەی ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا و گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. ئێمە هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین و داوا لە هەموو گەلان دەکەین لە بەرامبەر ئەم دوژمنە خوێنڕێژ و مرۆڤکوژە یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆیان بەهێزتر بکەن. بە بیرۆکەی وڵات و پێکەوە ژیان پاراستنی خۆیان بەهێز بکەن.

ئێمە ئازادی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میزۆپۆتامیا زۆر بە گرنگ دەبینین و پێمان وایە بە تێکۆشانی هاوبەش ڕزگاری بەدی دێت. لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە گەلان یەکگرتوویی خۆیان لە بەرامبەر هێرشەکاندا بەهێزتر بکەن.

گەلی ئاشوور یەکێکە لە گەلە دێرینەکانی میزۆپۆتامیا. گەلی ئاشووری – سوریان کە خاوەنی مێژوویەکی ئاوا قووڵ و میراتێکی کولتووری گەورەن، هاوشێوەی گەلانی دیکە، زۆر جاران بووەتە ئامانجی کۆمەڵکوژی و ئازارێکی زۆریان بەسەر هاتووە. دەوڵەتی داگیرکەری تورک گەلی ئاشووری – سوریانی کۆمەڵکوژ کردووە. گەلی ئاشووری – سوریانی، دوای سەدەیەک لە کۆمەڵکوژی و ئازار و کارەسات، بە شۆڕشی ڕۆژئاوا بوونە خاوەن ئیرادە و ئازادی خۆیان بەدەست هێنا و وەک گەلانی دیکە بە زمان، کولتوور، باوەڕ و مێژووی خۆیانەوە ژیان دەکەن. دەوڵەتی تورک کە ئەمانەی پێ قبووڵ ناکرێت، هەوڵ دەدات بە هێرش و کۆمەڵکوژی و داگیرکاری ئەم پێشکەوتنانە ڕابگرێت و جارێکی دیکە گەلان بکاتە کۆیلەی ژێر دەسەڵاتی خۆی. دەوڵەتی تورک لە بەر چاوی جیهان کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و هێرش دەکاتە سەر ژیانی گەلان. هەموو ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکاتە ئامانج لەناو دەبات. بەڵام ئەو دەوڵەتانەی پەیوەندیان لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ بەرژەوەندی گڵاوی خۆیان لە گەڵ دەوڵەتی تورک بوونەتە شەریکی ئەم تاوانانە. پێویستە گەلان ئەم دۆخە لەبەر چاو بگرن و باوەڕیان بە هێز و یەکگرتوویی خۆیان هەبێت و لەسەر ئەم بنەمایە پەرە بە تێکۆشان بدەن.

هۆکاری بنەڕەتی ئەوەی کە دەوڵەتی تورک ئەوەندە دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات ئەوەیە گەلی کورد پاڵپشتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میزۆپۆتامیا دەکات و دەیەوێت بە ئازادی بژین. ئەم هەڵوێستە سەرەکییانەی گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیی کورد، پیلانگێڕان و بکوژانی هەژاندووە. ئەو یارییە گڵاو و سیاسەتانەی کە گەلانی بەرانبەر یەکتر بەکار دەهێنێ پووچەڵ کردووتەوە. ئێستاش حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت بەم هێرشانە یەکگرتوویی گەلان لەناو ببات. ئەمە بنەما و هۆکاری هێرشەکانە بۆ سەر گەلی سوریان و هێزەکانی پاراستنی ڕۆژئاوا. دەسەڵاتداری ئاکەپە – مەهەپە بە ئازادی گەلی کورد و ئازادی گەلانی ئاشووری – سوریان هەست هەمان ترس و توڕەیی دەکات. چونکە لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا لە پارلمان بە زمانی دیکی، زمانی سریانی قسە کرا و ئەمەش تووڕەیییەکی زۆری لە لایەن حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە لێکەوتەوە. ئەم هێرشە پەیوەندییەکی نزیک بەم دۆخەوە هەیە. ئێمە پێمان وایە گەلی ئاشووری-سوریان لە چوارچێوەی بیرۆکەی نەتەوەیەکی دیموکراتیکی گەلان یەکگرتوویی خۆیان پتەوتر و بە‌هێزتر دەکەن و بە تێکۆشانێکی یەکگرتوو پلانە قڕکارییەکانی حکوومەتی ئاکەپە-مەهەپە پووچەڵ دەکەنەوە.

جارێکی تر بە بۆنەی شەهیدەکانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی ئاشووری- سوریان دەکەین، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. گەلی ئاشووری – سوریانیش وەک گەلی کورد نابێ شوێن و نیشتمانی خۆیان بەجێبهێڵن، پێویستە لەگەڵ گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خاکی خۆیان بپارێزن و تێکۆشانی هاوبەش پێک بهێنن.