ڕێکخراوە عەلەوییەکان لەبەردەم کۆنسەی ئەوروپا چالاکیان ئەنجامدا
ڕێکخراوە عەلەوییەکان لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژییەکان دژی باوەڕ و ئیتنیکەکان، بەتایبەت عەلەوییەکانی سوریا، چالاکیان ئەنجامدا.
ڕێکخراوە عەلەوییەکان لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژییەکان دژی باوەڕ و ئیتنیکەکان، بەتایبەت عەلەوییەکانی سوریا، چالاکیان ئەنجامدا.
نوێنەری ڕێکخراوەکان لەبەردەم کۆنسەی ئەوروپا کۆبوونەوە، دژی هێرشی قڕکردنی سەر عەلەوییەکان ڕێکخراویان خوێندەوە و داویان لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد هەڵوێست وەربگرن.
کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵەی عەلەوییەکانی ئەوروپا (AABK) و فیدراسیۆنی عەلەوییە عەرەبەکانی ئەوروپا (AAAF) و فیدراسیۆنی عەلەوییە دیموکراتیکەکان (فەدا) و چەندین ڕێکخراوی تر بەشداربوون.
ڕاگەیاندراوەکە بە زمانەکانی کوردی و تورکی و عەرەبی و فەرەنسی و ئەڵمانی خوێنرایەوە و تیشک خرایە سەر کۆمەڵکوژی سەر عەلەوییەکان.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر هەڵوێستی هێزە ئەوروپی و ئیمپریالیستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، لەپاش ڕووخانی دیکتاتۆرییەت لە سوریا، خەریکە دیسانەوە دیکتاتۆرییەتێکی نوێ لە سوریا دادەمەزرێنن، گوتراوە: "دەیانەوێت سەرچاوەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی ئەو وڵاتانە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، کورد و عەلەوی و ئێزدی و سریانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بدەن بە گژی یەکدا. ئێمە پشتگیری گەلانی بندەست دەکەین".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختکرایەوە هەبوون و سەلامەتی عەلەوییەکانی سوریا لە مەترسیدایە، داخوازی ڕێکخراوە عەلەوییەکان وەها ڕیزکراوە:
"١- مافی ژیان و ئازادیی پەرستن:
پێویستە مافی ژیان و ئازادی پەرستنی هەموو گروپ و بیروباوەڕێکی ئایینی مسۆگەر بکرێت؛ هەموو پێکهاتە و باوەڕەکان بە گوێرەی دەستوورێکی دیموکراتیک و ئازادیخواز و سیکۆلار بپارێزرێن.
٢- شەرمەزاری و سزا:
پێویستە قسەی ڕق و کینەئامێز بەرامبەر بە مەزهەبەکان، بە ڕوونی لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە شەرمەزار بکرێت و سزا بەسەر ئەو گروپانەدا بسەپێنرێت کە ئەم پڕوپاگەندانە بڵاودەکەنەوە.
٣- پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان:
پێویستە شوێنە پیرۆزەکان بپارێزرێن و گەڕانەوەی سەلامەتی ئەو کەسانەی کە بە زۆر لە شوێنەکانیان دەرکراون مسۆگەر بکرێت و ئەوانەی بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە دادگا سەربەخۆکاندا دادگایی بکرێن.
٤- چاودێری و گەرەنتی نەتەوە یەکگرتووەکان:
پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسەی ئەوروپا گەرەنتی سەقامگیری سوریا بکەن و چاودێری حکومەت بکەن و هەلومەرجی پێویست بۆ هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و دیموکراتیک بڕەخسێنن.
٥- پەیوەندی لەگەڵ هێزە ڕادیکاڵەکان بپچڕێنرێت:
پێویستە یەکێتی ئەوروپا تاوانە نامرۆڤانەکانی هەتەشە و گرووپە ڕادیکاڵەکانی تر شەرمەزار بکات و پەیوەندی لەگەڵ ئەو گرووپانە بپچڕێنێت.
٦- پتەوکردنی مافی کەمەنەتەوەییەکان:
پێویستە هەموو کەمەنەتەوەییەکان و بەتایبەت عەلەوی و کورد، ئازادانە گوزارشت لە ناسنامەیان بکەن، بە زمانی خۆیان پەروەردە ببینن و مافی خۆبەڕێوەبردنیان هەبێت.
بانگەواز لە هێزە ئاشتیخوازەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین لەو هەرێمانەی سوریا نیشتەجێ ببن کە کۆمەڵکوژی تێدا ئەنجام دەدرێت، ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە".