لە چوارچێوەی کەمپەینی جیهانی بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد، تایبەت بە "ڕۆژی جیهانی کتێبی عەبدوڵا ئۆجالان" لە چەند شارێکی بەریتانیا و ئیرلەندا چالاکی ئەنجامدرا.
بە بەشداری مەجلیسی گەلی کورد، کژار و تەڤگەری ئازادی و پەژاک و جڤاکی ئازاد، لە شاری لەندەن کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێنرایەوە، چەندین کەس بەشداربوون و چەند بەشێک لە کتێبەکانی "بەرخۆدانی چاندەکان" و "سۆسیۆلۆژیای ئازادی" و "شارستانییەتی سەرمایەداری" و "ئازادی ژن" خوێنرایەوە.
بەڕێوەبەری ناوەندی جڤاکی کوردی لەندەن، ئیسحاق میلانی، گوتی: "نەوەک هەر گەلی کورد، بەڵکو گەلانی جیهان دەربارەی فیکری ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی ڕادیکاڵی ڕێبەر ئاپۆ دەدوێن و لێی دەکۆڵنەوە، هەریەکەیان دەبێتە مانیفیستۆیەک".
دواتر بەناوی کژار و تەڤگەری ئازادی و جڤاکی ئازادەوە قسەکرا، چەند بەشێک لە کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە کورمانجی و ئینگلیزی و سۆرانی و فارسی و تورکی خوێنرایەوە.
لە زانکۆی جۆرکی ئیرلەندا، کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێنرایەوە. پرۆفیسۆری بەشی فەلسەفە، د. جەیسۆن دۆکستادەر چەند بەشێک لە کتێبی "سۆسیۆلۆژیای ئازادی" خوێندەوە، لەو بارەیەوە گوتی: "قووڵی فیکر و بەرفراوانی کارەکانی ئۆجالان و تیۆری سیاسی، پێمان نیشان دەدات چۆن ڕامانی کۆزمۆپۆلەتیکی و میتافیزیکی بەرفراوان پێکەوە گرێدراوە". هەروەها دووپاتی کردەوە، ئەمە دەرخەری قووڵیی تیۆرە سیاسییەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە.
تۆڕی پشتیوانی لە کوردان لە زانکۆی شێفێڵد چالاکی خوێندنەوەی ئەنجامدا، د. جەستینا بەشێک لە کتێبی "سۆسیۆلۆژیای ئازادی" خوێندەوە.
پاشان لەسەر بابەتی "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک" وتوێژ کرا.
هاوکات کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی لیڤەرپول خوێنرایەوە. ئاماژە کرا بە گۆشەگیری ئیمراڵی و دووپاتکرایەوە، هێزەکانی مۆدێرنیتەی پیاوسالاری و دەسەڵاتدار و سەرمایەدار لە فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەترسن. دووپاتکرایەوە، پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک، ژیانی دیموکراتیک و یەکسان و ئازادی گەلان و ئازادی ژنانی کردۆتە سیستەم. لە چالاکییەکەدا بەشێک لە کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێنرایەوە و تاوتوێ کرا.