کەمپینی ناردنی کارت پۆستاڵ بۆ ئیمراڵی لە لیڤەرپوڵ بەردەوامە

لە شەقامەکانی لیڤەرپول سەکۆ دانرا و نامە بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نێردرا.

لە لیڤەرپول کە یەک لە شارە گرنگەکانی بەریتانیایە، کوردان لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' چالاکییان ئەنجامدا.

لەو چوارچێوەدا بە بۆنەی ساڵی نوێوە، خەڵکی لیڤەرپول بە پەیامی ئاشتیانەوە کارتپۆستاڵیان بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نارد. ئێستاش بە پەیامی ئاشتی و ئازادی کارتپۆستاڵ دەنێرن.

بەو ئامانجەوە لە زۆر ناوچەی قەرەباڵغی شارەکە سەکۆ دانراون. هەروەها ئەو کەسانەی کە سەردان دەکەن لە بارەی گۆشەگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە ئاگادار دەکرێنەوە.

ئامانجەکە ئەوەیە کە لە بەریتانیاوە بە گشتی ٥ هەزار کارت پۆستاڵ رەوانەی ئیمراڵی بکرێت. هەرلەو چوارچێوەدا پلان دانراوە کە لە لیڤەرپوڵەوە ٥٠٠ کارتپۆستاڵ بۆ ئیمراڵی بنێردرێت، کە تائێستا ژمارەیەکی زۆر رەوانە کراون.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کورد لە بەریتانیا سەعید سوروچ باسی لەوەکرد کە لە سەکۆکان سەبارەت بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردستانیش زانیاری بە خەڵک دەدرێت.

سەعید سوروچ سەرنجی بۆ سەر پێشوازی خەڵک لەو چالاکیە راکێشا و ئەوەی خستەڕوو، کە لە رێگەی ناردنی کارتپۆستاڵ بۆ ئیمراڵی هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاشتی فراوانتر دەکەن.

هـ . ب