هاوسەرۆکانی کۆن-مەد بە بیریان هێنایەوە کە پۆلیسەکانی ئەڵمانیا لە ١٠ی کانونی دووەم لە هانوڤەر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کوردان، هەروەها ١٦ی کانونی دووەمیش لە برێمن هەڵیان کوتایە سەر ناوەندی برایەتی سەر بە کۆم-مەد و ماڵی سیاسەتمەدارێکی کورد و لەو بارەوە بە راگەیەندراوێک ئەو کردەوانەی پۆلیسی ئەڵمانیایان شەرمەزار کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ بە تاوانبارناساندنی کوردان و دامودەزگاکانی کوردان شەرمەزار کراوە و داوا لە دەوڵەتی ئەڵمانیا کراوە کە دەست لەو هەڵوێستە دژە کوردانەی هەڵبگرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا بانگەوازێکی بەم جۆرە لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا کراوە، "دەست لە تاوانبارنیشاندان و قەدەغەکردنی کوردان هەڵبگرن. کوردان لە ئەڵمانیا وەک هەموو کۆمەڵگاکانی دیکە ئەو ئازادیەیان هەیە لە لە چوارچێوەی یاساکانی ئەڵمانیادا خۆیان رێکبخەن. ئەو کوردانەی بە هۆی گوشارەکانی دەوڵەتانی ترک، ئێران، عێراق و سوریا روویان کردووەتە ئەڵمانیا، لەگەڵ نیشتەجێبوونیان ئەرکی پێدانی باج بە گوێرەی یاساکانی ئەڵمانیا جێبەجێ دەکەن و هەروەها مافی خۆرێکخستن و دەربڕینی ئازادانەی بیر و رایان لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا هەیە.
داوای ئێمە لە گەلی ئەڵمانیا ئەوەیە کە لە بەرامبەر هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ تاوانبارکردنی دامودەزگاکانی کوردان و کوردان بوەستنەوە. لەبیری نەکەن کە ئەو دەوڵەتەی ئەمڕۆ لە بەردەم مافی بنچینەیی کوردان ببێتە لەمپەر، سبەینێ هەمان شت بەرامبەر بە ئێوە دەکات".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوا لە کوردانی ئەڵمانیا کراوە کە " لە رێگەی خۆرێکخستنەوە بەرپەرچی هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ بە تاوانبارنیشاندانی کوردان بهێنن. رۆژ رۆژی تێکۆشانە بەرامبەر سیاسەتی تاوانبارکردن و قەدەغەکردنی کوردان لەلایەن وەزارەتەکانی داد و ناوخۆی ئەڵمانیا".
هـ . ب