کۆنفرانسی گۆشەگیری: ئەگەر یاسا لە ئیمراڵی جێبەجێ نەکرێت، لە هیچکوێ جێبەجێ ناکرێت

لە کۆنفرانسی دژی گۆشەگیری پەیامدرا: "ئەگەر گۆشەگیری ئیمراڵی کۆتایی نەیەت، لە هیچ جێیەک ناتوانین ڕێگە لەم نادادییە بگرین، ڕژێمی سزادان دژی کوردا بونیادنراوە".

کۆنفرانسی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) بە ناوی "دژی سیاسەتی گۆشەگیری تێکۆشانی ئاشتی و ئازادی" لە ئیستەنبوڵ بەردەوامە.

سەرەتا پەیامی سیاسەتمەداری کورد ئایلا عەتا لە زیندانی ژنانی سینجان خوێنرایەوە، سڵاوی لە کۆنفرانسەکە کرد و ڕایگەیاند ئەمە دەرخەری ئیرادە و تێکۆشانی گەلی کوردە لەبەرامبەر سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوە و ئەسیمیلاسیۆن، هەروەها لەم تێکۆشانەدا ئامانجی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ زیندووکردنەوەی سیستەمی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژن دەبینرێت.

سەرۆکی نووسینگەی پارێزەرانی ئامەد نیهاد ئەرەن، بە ناونیشانی "ڕژێمی سزادان لەسەر زیندانیانی سیاسی گرانتر دەبێت" بابەتەکەی پێشکەشکرد.

ڕایگەیاند کوردەکان بەهۆی دەسەڵاتەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و بێسەروشوێنی بوونەتەوە کەچی هەردەم داوای ئاشتیان کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد هەموو هەموارە یاساییەکان دژی کورد و داخوازییەکانی کوردان جێبەجێ دەکرێن.

ئەرەن ڕایگەیاند سیستەمی "یاسایی" سەدەیەک لەسەر کوردان بەردەوامە، گوتی: "لە سەدەی یەکەمی دامەزراندنی کۆمار، دادگاکانی ئیستیقلال هەبوون، سزا جێبەجێ دەکرێت، سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکرێت، پاشان دەڵێن هەڵەمان کردووە. ئەم سیستەمە هەردەم لەم وڵاتە هەبووە. وەک پەیڕەوێکی یاسایی نوێ خۆی دەردەخات، بەڵام ڕاستییەکەی هەمان شتە. هەموو سیستەمەکان دژی کوردانە، ئەم سیستەمە دەریدەخات چۆن داواکاریی کوردان بە تاوان دەدرێتە قەڵەم".

ڕۆژنامەوان عەلی دوران تۆپوز بە ناونیشانی "لە تورکیا قەیرانی دادوەریی" بابەتێکی خستەڕوو. قەیرانی دادوەری لەنێوان دادگای دەستووری و دادگای سزای قورسی وەک گەمەیەکی شانۆیی پیشاندا، ڕایگەیاند قەیرانەکە بە ئەنقەست داڕێژراوە، دەبینرێت لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماریش دادگا بەهەمان شێوە بەکارهێنراوە. هەرچەند لێرە و لەوێ پەرلەمانتاران باس لەمە دەکەن، بەڵام لە ئەکادیمیا ناتوانرێت ڕەخنە لەمە بگیرێت. بەڵام ڕاستیەکەی بەو مانایە دێت دەسەڵات بەئەنقەست ئەمە دەکات.

کۆنفرانسەکە بە دانیشتنی سێیەم بەردەوامە.