کۆنفرانسی پاڵمە و کورد: پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنن

رێکخراوەکانی کورد و سۆسیال دیموکراتەکان بە ئۆنلاین و لە ساڵیادی تیرۆرکردنی پاڵمەدا کۆنفرانسی پاڵمە و کوردیان بەڕێوەبرد. ساڵی رابردوو دۆسیەى تاوانی کوشتنی پاڵمە داخرا و ئەوە قبوڵ کرا، کە کورد هیچ پەیوەندییەکی بەو کوشتنەوە نەبووە.

رێکخراوەکانی کورد و حیزبی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی سوید، بە بۆنەى نزیکبوونەوە لە ساڵیادی تیرۆرکردنی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوید لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦، لە ناوەندی پاڵمە لەسەر ژیان و تێکۆشانی پاڵمە و پەیوەندیی بە کوردەوە کۆنفرانسێکیان رێکخست.

کۆنفرانسەکە لەلایەن عایشە گۆکتەپە ئەندامی بزووتنەوەى ژنانی کورد بەڕێوەدەچووو، هانا جۆیکۆ لە رێکخستنەکانی شاری ستۆکهۆلمی  حیزبی کرێکارانی سۆسیال دیموکرات، ئانا سوندسترۆم سکرتێری گشتیی ناوەندی ئۆلاف پاڵمە، هلین شاهین بەرپرسی مێزی تورکیا لە ناوەندی ئۆڵاف پاڵمە، تۆماس هاماربێرگ پەرلەمانتاری حیزبی کرێکاری سۆسیال دیموکرات و کۆمسیەری پێشووی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی ئەوروپا، رێبوار رەشید وەرگێڕی کتێبی ژیانی پاڵمە بۆ سەر زمانی کوردی، شۆڕش رەشی نووسەری کتێبی کوشتنەکەی پاڵمە، قادر کاسیگرا سەرۆکی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان لە شارەوانیی ستۆکهۆلم، ئاندرێس ئۆستێربێرگ پەرلەمانتاری حیزبی کرێکارانی سۆسیال دیموکرات، ئیبراهیم ئایاز هاووڵاتیی کورد، کە لە دوای تیرۆرکردنی پاڵمە بووە ئامانجی گوشارە زۆر و زەوەندەکانی پۆلسی سوید و ردڤان ئاڵتۆن هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.

گۆکتەپە رایگەیاند، دوای ٣٤ ساڵ لە کوشتنی پاڵمە، ساڵی رابردوو پۆلیسی سوید و داواکاری گشتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند، پاڵمە لەلایەن ستیگ ئینسترۆم-ەوە کوژراوە، بەڵام لەبەر ئەوەى بکوژ ساڵی ٢٠٠٠ مردووە، دۆسیەکە دادەخەین.

گۆکتەپە راشیگەیاند، دوای کوشتنی پاڵمە کوردان کرانە ئامانج و دەستکرا بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی کوردان و  کورد جیا کرایەوە. گۆکتەپە وتی، داوای رێکخراوەکانی کورد لە سوید ئەوەیە، کە دەبێت سوید داوای لێبوردن لە کورد بکات و پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت.

هانا جۆیکۆ ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی سوید لە ستۆکهۆلم وتی، ئێمە لەگەڵ هەدەپە حیزبی دەستە خوشک - براین. ئێمە هێرشەکانی رژێمی ئەردۆغان بۆ سەر کوردان شەرمەزار دەکەین و پشتیوانی لە هەدەپە دەکەین. کولتور و نەریتی پشتیوانیمان لە کورد هەیە و ئێمە درێژە بەو پشتیوانییەمان دەدەین.

لە دوای وتەکانی هانا جۆیکۆ، ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە سوید لەسەر ژیان و تێکۆشانی ئۆلاف پاڵمە سینەفیزیۆنێکی ئامادە کردبوو و سینە فیزیۆنەکەیان نمایشکرد. لە سینەفیزیۆنەکەدا ئەوە نیشاندرا، کە پاڵمە دۆستێکی کوردانە و داوا لە پۆلیسی ئەمنیی سوید (ساپۆ - Sapo) کرا، کە کۆتایی بە گوشارەکانی بۆ سەر کوردان بهێنێت و پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت.

تۆماس هاماربێرگ پەرلەمانتاری حیزبی کرێکاری سۆسیال دیموکرات و کۆمسیەری پێشووی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی ئەوروپا، کە لە نزیکەوە ئۆلاف پاڵمەى دەناسی وتی، ئەگەر پاڵمە ئێستا لە ژیاندا بوایە، ئەوا بە بەردەوامی تێکۆشانی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و مافە دیموکراتیکەکان دەکرد. کوشتنی پاڵمەی دۆستی کوردان و نیشاندانی ئەوە، کە لەلایەن کوردەوە کوژراوە، نیشانەی  تراژیدیایەکی زۆر گەورەیە. پاڵمە و ستین ئاندێرسۆن وەزیری دەرەوەی سوید بە بەردەوامی لە دژی هێرش و گوشارەکانی سەر کوردان بوون و هەڵوێستیان هەبوو.

ئیبراهیم ئایاز لە دوای کوشتنی پاڵمە لەلایەن پۆلیسەوە گوشار و زەختی زۆری خرایە سەر وتی، لەبەر ئەوەى وڵاتپارێزێکی کورد بووم  پۆلیسی سوید گوشارێکی زۆر قورس و هێرشی دەکردە سەرم. ئەو هێرشانە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆش بەردەوامیی هەیە. هانس هۆلمەر بەرێوەبەری ئاسایشی ستۆکهۆلم بە ئەنقەست کوردی وەک بەرپرسیاری کوشتنی پاڵمە نیشاندا. پۆلیسی ئەمنیی سوید (ساپۆ - Sapo) لە ساڵی ٢٠١٣دا منیان بە تیرۆریستبوون تاوانبار کرد و دەستیان گرت بەسەر ئۆتۆمبێل و کەل و پەلە تایبەتەکەمدا و تاوەکو ئێستا پێیان نەداومەتەوە.

ئانا سوندسترۆم سکرتێری گشتیی ناوەندی پاڵمە وتی، تورکیا و زۆرێک لە وڵاتان مافی ئازادی و هەق پێشێل دەکەن. ئێمە وەک ناوەندەکەمان تێکۆشانی مافی مرۆڤ بە پێداگریی و وردییەوە درێژە پێدەدەین. لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر رۆژئاوا ئێمە پشتیوانی لە گەلی رۆژئاوا دەکەین.

ئاندرێس ئۆستێربێرگ پەرلەمانتاری حیزبی کرێکارانی سۆسیال دیموکرات وتی، لەمدواییانەدا دەوڵەتی تورک گوشار و زیندانیکردنی هەدەپەییەکانی زیاتر کردووە. ئێمە حیزبێکین، کە لە پشت هەدەپەین، کە حیزبی دەستە خوشک – براین و پشتیوانیی بەهێز لە هەدەپە دەکەین.

نووسەر شۆڕش رەشی، کە کوشتنەکەى پاڵمەى کردووە بە کتێب رایگەیاند، پاڵمە لەلایەن گلادیۆی سەر بە ناتۆوە کوژراوە. دەیانخواست ئەو کوشتنە بخەنە ئەستۆی بزووتنەوەى ئازادیی کورد. کاتی کوشتنی پاڵمە من لە تورکیا بووم و من بڕوام بە تاوانبارکردنی پەکەکە نەکرد. ئێمەی کورد بەرگری لە دۆستەکانمان دەکەین و نایانکوژین. پاڵمە پاڵەوانی ئێمە بوو. خۆی ئامادە دەکرد، کە کێشەى کورد بخاتە رۆژەڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. بە ڕاستی کورد هێز و ورەیان لە پاڵمەوە وەردەگرت.

قادر کاسیگرا سەرۆکی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان لە شارەوانیی ستۆکهۆلم وتی، لەمدواییانەدا گوشارەکانی حکومەتی ئاکەپە بۆ سەر کوردان زیادیکردووە، لەم چەند رۆژەى دوایدا نزیکەى ٧٠٠ هەدەپەیی دەستگیرکراون. دەبێت جیهان و حکومەتی سوید لە دژی هەڵکوتانە سەر هەدەپە و دەستگیرکردن و زیندانیکردنی هەدەپەییەکان هەڵوێستییان هەبێت. پاڵمە هاوکات لەگەڵ پشتیوانیکردن لە کورد یارمەتیی تێکۆشانی گەلانی چەوساوە و هەڕەشەلێکراوی دەکرد. پاڵمە تاکە سەرکردەی رۆژئاوایی بوو، کە ئازایانە لە دژی ئیمپریالیزم دەوەستایەوە و پشتیوانی لە گەلان دەکرد و راستییەکانی دەوت. دەوڵەتی تورک بۆ رەوایدان بە هێرشەکانی بۆ سەر کوردان و هەدەپە و زیندانیکردنیان، هەبوونی پەکەکە لە ناو لیستی رێکخستنە تیرۆریستییەکاندا کردووەتە بیانوو. بۆیە دەبێت پەکەکە لە لیستی رێکخستنە تیرۆریستییەکاندا دەربهێنرێت.   

نادیا ساڵح هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە سوید وتی، پاڵمە یەکێک لەو مرۆڤە ئازایانە بوو، کە پشتیوانی لە گەلانی هەژار دەکرد، کە گەلی کورد لە ناو ئەو گەلانەدا بوو. پاڵمە لە پێناوی ئەو ئامانج و پشتیوانییانەدا ژیانی خۆی بەخت کرد. ئێستاش گوشار لەسەر کوردان بەردەوامیی هەیە. دەبێت پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت. دەبێت گوشار بخرێتە سەر حکومەتی سوید، کە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت.

ژ.ت