کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەبۆنەی کۆچی دوایی دۆستی کوردان ئێرلینگ فۆلکڤۆرد کە ئەمڕۆ گیانی سپارد، پەیامی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.
کەنەکە ڕایگەیاند بە کۆچی دوایی دۆستی کورد و تێکۆشانی ئازادی کوردستان ئێرلینگ فۆلڤۆرد خەمگین بوون، جەخت دەکاتەوە فۆلکڤۆرد چەندین ساڵ بۆ ماف و ئازادی گەلانی بندەست و بەتایبەت کورد خەباتی کردووە، دەڵێت: "لە تەواوی کاری سیاسیدا، ئەو دەمەی جێگری سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی کرێکاری نەرویژ و پاشان ئەندامی پارتی سوور و هەروەها وەک پەرلەمانتاری پێشووی شارەوانی ئۆسلۆ، پشتگیری لە تێکۆشانی ئازادی گەلەکەمان کردووە. بەم بۆنەیەوە دەیان جار چووەتە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان، سێ کتێب و دەیان وتاری دەربارەی دۆزی کوردستان نوسی و بووبە پەیامبەرێکی بەسۆز بۆ گەیاندنی تێکۆشانی گەلی کورد بە تەواوی جیهان و بەتایبەت بە ڕای گشتی نەرویژ.
بەبۆنەی کۆچی دوایی دۆست و خەباتکاری گەلی کورد و فەڵەستین و هەموو گەلانی بندەست، ئێرلینگ فۆلڤۆرد، سەرەخۆشی لە بنەماڵە هێژاکەی و پارتەکەی و تەواوی دۆستانی دەکەین.
ئێمە هەڤاڵ و دۆست و پەیامبەری ئاشتی و دیموکراسی ئێرلینگ فۆلکڤۆرد لە تێکۆشانی خۆماندا زیندوو دەهێڵینەوە. جێگەی بەهەشت بێت".