کەنەکە هێرشی سەر گەلی ئاشووری-سوریانی-کلدانی شەرمەزار کرد

کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە هێرشی سەر گەلی ئاشووری-سوریانی-کلدانی شەرمەزار کرد و بانگەوازی کرد ڕێگە لە کۆمەڵکوژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بگیرێت.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ڕاگەیاندراوێکی نوسراودا هێرشی سەر گەلی ئاشووری-سوریانی-کلدانی شەرمەزار کرد.

ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەم جۆرەیە:

"دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوکارە جیهادیستەکانی ڕۆژانە هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵک و هەموو پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کورستان بەردەوام دەکەن. لە ڕۆژی ٢٨ ی شوباتی ٢٠٢٤ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەر بە سۆتۆرۆ کە لە پێکهاتەکانی ئاشووری-سوریانی-کلدانی پێکدێن، بوونە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و سێ ئەندامی ئاسایش گیانیان لەدەستدا و دوو ئەندام بریندار بوون.

وەک کەنەکە سەرەخۆشی لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و گەلی ئاشووری-سوریانی-کلدانی و بنەماڵەکانیان دەکەین و هێرشە دڕندانەکە شەرمەزار دەکەین و دڵسۆزی خۆمان بۆ گەلی ئاشووری-سوریانی-کلدانی دووپات دەکەینەوە.

دەوڵەتی داگیرکەر و ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپەی دیکتاتۆر و فاشیست لەگەڵ هێزە جیهادیستەکان بەم هێرشانە دیسانەوە دووپاتیان کردەوە کە پلان و ئامانجیان لەناوبردنی دەسکەوتەکانی نەتەوەی دیموکراتیکە کە لەسەر بناغەی یەکسانی دامەزراوە. پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک بۆتە هیوای خەڵکی هەرێمەکە و ئەم پارادایمە کۆتایی بە خەون و خەیاڵەکانی ڕژێمی فاشیست و دیکتاتۆر دەهێنیت.

باوەڕمان وایە هاوکاری و هاوبەشی لەسەر زەمینەی یەکسانی کۆتایی بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی تێکدانی دیمۆگرافی هەرێمەکە دەهێنێت.

وەک کەنەکە بانگەواز لە هێزە سیاسی و نێونەتەوەییەکانی هەرێمەکە وەک هاوپەیمانی نێونەتەوەیی، یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا دەکەین، دەمودەست هەڵوێست بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر وەربگرن و ڕێگە لە پیلانەکانی کۆمەڵکوژی و تێکدانی دیمۆگرافی هەرێمەکە بگرن".