دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنى هاتنی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەى کەنەکە
جەژنی قوربان لە گەلی ئێمەو هەموو جیهانی ئیسلام پیرۆزبێت
سبەینێ جەژنە، جەژنی قوربانە. بەداخەوە ئێمە ئەمسالیش لە دۆخێکی ئاڵۆزدا جەژن دەکەین. لە تەواوی کوردستان هێرشی لەناوبردن بەرامبەر گەلی ئێمە بەردەوامە. خەڵکی کوردستان دەکوژرێن و سروشتی ولاتەکەشمان وێران دەکرێت. هەڕەشەو داگیرکاریی هەتا دێ لەسەر باشوور و رۆژاوای کوردستان زێدەتر دەبێت. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش گوشاری دەولەت لەسەر خەڵک رۆژ بەرۆژ لە زیدبووندایە. کێشەکانیش بەردەوام قووڵتر دەبنەوە. لە باشوور کێشە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵاتییەکان درێژەیان هەیە. پرسی ناوچە دابڕاوەکان ئالۆزتر و بێچارەسەر ماون. هێرش و داگیرکاریی دەولەتی تورکیاشیان هاتۆتە سەر. لە باکوریش شەڕی مان و نەمان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە.
بێگومان لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە هەموو شوێنێکی دی، گەلی ئێمە ئەو گەلەی جاران نییە. ئێستا خاوەنی هۆشیارییەکی زێدەتر و لەناو تێکۆشانێکی نەتەوەیی و دیموکراتخوازیی سەردەمییدایە. ئیدی نە لە زۆراداران دەپاڕێتەوە و نە ژێردەستیش قبوڵ دەکات. ئیدی هیوای خۆی تەنیا بەخۆی و رێبەریی و تێکۆشەرانی خۆیەوە گرێ داوە.
ئێمە بەهیواین لە کاتێکی نزیکدا ئیدی گەلی کوردستان بتوانێ بە ئارامی و ئاشتی و ئازادی جەژن و شادییەکانی پیرۆز بکات. بەو بۆنەوە ئێمە پیرۆزبایی جەژنی قوربان سەرەتا لە زیندانیان و جەنگاوەرانی ئازادی و گەلی کوردستان و تەواوی جیهانی ئیسلامیی دەکەین.
ژ.ت