کەنەکە: کارەساتەکەی ئامەد و مێردین ڕووداوێکی ڕێکەوت و سرووشتی نییە

کەنەکە ڕایگەیاند کارەساتی ئاگرەکەی ئامەد و مێردین ڕووداوێکی ڕێکەوت و سرووشتی نییە، بانگەوازی لە گەلی کوردستان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان کرد خاوەنداری لە لێقەوماوان بکەن.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە پەیوەست بە کارەساتەکەی ئامەد و مێردین بە ناونیشانی "کارەساتی ئاگرەکەی ئامەد و مێردین ڕووداوێکی ڕێکەوت نییە" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

کەنەکە ڕایدەگەیەنێت هاوبەشی ئێش و ئازاری گەلی هەرێمەکە و لێقەوماوانن، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان و گەلی کوردستان دەکات.

بەهۆی کەمتەرخەمی دەوڵەتەوە کارەساتەکە مەزن بوو

کەنەکە دەڵێت: "کارەساتێکی وەها مەزن و فراوان، هەرگیز ڕێکەوت نییە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە دەڤەرەکەوە دەستکەوتوون، ئەگەر بەدەستی ئەنقەستیش نەبێت، ئەوا کەمتەرخەمی و خەمساردی بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکانی دەوڵەت هۆکاری مەزنتربوونی کارەساتەکە بوون".

هەر لە درێژەدا دەڵێت: "ئەم کەمتەرخەمی و خەمساردی و پشتگوێخستنە، پاش ڕووداوەکەش بەردەوامە. تیمە ئەرکدارەکان لەکاتی پێویست نەکەوتنە جووڵە و دەستوەردانی پێویست نەکرا، بۆیە کارەساتەکە هێندەی تر مەزن بوو.

دامەزراوەکانی دەوڵەت و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بەرپرسیارن لەم کارەساتە. پێویستە لێکۆڵینەوە لە هەموو دیوێکی ڕووداوەکە بکرێت و لێپرسینەوە لە کەسانی بەرپرسیار بکرێت. هەروەها دەبێت زەرەر و زیانی لێقەوماوان قەرەبوو بکرێتەوە".

پێویستە خاوەنداری لە لێقەوماوان بکرێت

کەنەکە ڕایدەگەیەنێت گەلی هەرێمەکە پێویستیان بە هاوکارییە و دەڵێت: "بانگەواز لە هەموو گەلی کوردستان و ڕێکخراوە خێرخوازەکان دەکەین ڕووبکەنە هەرێمەکە و خاوەنداری لە لێقەوماوان بکەن. ئێمە بە هەموو هێزمانەوە هەڵوەستە لەسەر ڕووداوەکە دەکەین و پشتیوانی لێقەوماوان دەبین.

بەم بۆنەیەوە، جارێکی تر سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان و هەموو گەلی کوردستان دەکەین".