کەسایەتییەکانی کەرکوک: پێویستە پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان بکەین
کەسایەتییەکی شاری کەرکوک پەیامی پشتگیرکردنی گەلانی ڕۆژئاوا دەربڕی و گوتییان: "پێویستە ئەو سنورە دەستکرانەی دوژمن دروستی کردووە بیشکێنین و هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بکەین."
کەسایەتییەکی شاری کەرکوک پەیامی پشتگیرکردنی گەلانی ڕۆژئاوا دەربڕی و گوتییان: "پێویستە ئەو سنورە دەستکرانەی دوژمن دروستی کردووە بیشکێنین و هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بکەین."
لە دوای پێشهاتەکانی سووریا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کە بووە هۆکاری کۆچبەری گەلی هەرێمەکانی شەهبا و تل ڕەفعەت و منبج... ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بانگەوازی سەفەربەری و هاوکاریکردنی لە پێناو گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد. بۆ دەمەوەهات و پشتگیرییدان بەو کوردانی ڕۆژئاوا، گەلی باشووری کوردستان بە ئەنجامدانی کامپینی هاوکاری هەڵوێستی خۆیان دەربڕی. لەو بارەیەوە چالاکوان و کەسایەتییەکانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بۆ ئاژانسمان قسەیانکرد، دەرباری دۆخی کوردانی رۆژئاوای کوردستان و گرنگی یەکڕیزی و یەکگرتووی کوردان و هاوکاری کردنی یەکتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و کارەساتەکانی سەر گەلی کورد، کەسایەتییەکانی شارەکە پشتیوانی خۆیان بۆ رۆژئاوای کوردستان دووپات دەکەنەوە و داوا دەکەن کە بەزووترین کات سنورە دەستکردەکان بکرێنەوە و تاوەکو بتوانن وەکو ئەرکێکی نشتیمانی و نەتەوەیی هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بکەن.
'پشتیوان و هاوکاری رۆژئاوای کوردستان دەبین'
محەمەد سەید کەریم چالاکوان، مامۆستا و کەسایەتی شاری کەرکوک، سەبارەت بە پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو کەسایەتییەکانی شاری کەرکوک، پشتیوانی خۆمان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕین، ئەوەی لەوێ ڕوودەدات کارەساتی مرۆییە کە خەڵکێکی زۆر دەربەدەر و ئاوارە بوونە خەڵکانی زۆریش پێویستییان بە هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان هەیە، ئێمە لە ڕوانگەی ویژدانەوە وەکو ئەرکێکی نیشتمانی، نەتەوەیی و مرۆیی ئەمانەوەی یارمەتی خوشک و براکانمان بدەین لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەر وەکو چۆن لە ڕابردوودا ئەزموونی ئەم کارەمان هەبووە لە شاری کەرکوکەوە هاوکاری و کۆمەکمان بۆ شەنگال و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان کۆکردۆتەوە، ئیستاش هاوکار دەبین و پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان دەکەین".
'پێویستە وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی و نشتیمانی هاوکاری رۆژئاوا بکەین'
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا، محەمەد سەید کەریم چالاکوان و کەسایەتی شاری کەرکوک، ووتیشی: "هیوادارم هەموو حزب و کەسایەتییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی دەوڵەمەندن بە دەنگمانەوە بێن بۆ ئەوەی بتوانین هەموومان پێکەوە کۆمەک و هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بکەین چونکە ئەمڕۆ گەلی رۆژئاوا لە دۆخێکی خراپە سبەی ئێمەی باشوریش دەکەوینە دۆخێکی لەو جۆرە، لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعس لە عێراق نامانتوانی هاوکاری پارچەکانی دیکەی کوردستان بکەین بەڵام لەئیستادا دەرفەت هەیە و پێویستە وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی و نشتیمانی هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بکەین، پێویستە لەسەرتاسەری باشوری کوردستان هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بکەین".
'لەکاتی کۆڕەوە مەزنەکەی باشور، کوردانی رۆژهەڵات و باکور هاوکارییان کردین'
لە کۆتایی قسەکانیدا، ناوبراو باسی لە گرنگی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی هەموو پارچەکانی کوردستان کرد و ووتی: "کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت جیاوازی نیە هەموومان کوردین و خوشک برای یەکترین، ئەو لایەنەی جیاوازی لە نێوان کوردان بکات ئەوە زەرمەند دەبێت، ئێمەی کوردانی باشوری کوردستان کارەساتی زۆرمان بینیووە کە خودی خۆم قوربانی پرۆسەی بەدناو "ئەنفال"م و زیندانی کراوم لەبەر ئەوەی کورد بوومە، لەکاتی کۆڕەوەکەی باشوری کوردستان خەڵکی پەنای بردەبەر کوردانی رۆژهەڵات و باکوری کوردستان، کە ئەوانیش بەویژدانەوە پێشوازییان لە کوردانی باشور کرد و خزمەتیانیان کرد، بۆیە پێویستە ئەمرۆ ئێمەی باشوری درێخی نەکەین و جێگای دەستمان دیاربێت لە پێشکەش کردنی هاوکاری و کۆمەک بۆ رۆژئاوای کوردستان".
لە هەر شوێنێک کورد ڕووبەڕووی کارەسات دەبێت هەموومان پشتگیری بکەین
لەلای خۆیەوە، ڕەمەزان حاجی ڕەشید، چالاکوان، پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتی شارەکە، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ مەترسی و هێرشی دوژمن بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستانە لەوانەیە سبەینێ مەترسی و هێرش بۆسەر باشوری کوردستان بێت، پێشتریش باشوری کوردستان ڕووبەڕووی چەندین کارەسات بۆتەوە لە دەربەردەری و جینۆساید، ئەمرۆش دەبینین کوردانمان لە رۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی و کارەسات بوونەتەوە، بۆیە پێویستە کورد لەهەر شوێنێک تووشی کارەسات و هیرش بووەوە دەبێت هەموومان پشتگیری یەکتر بکەین، ئێمەش وەکو کوردانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەو سۆنگەیەوە هەوڵدەدەین بەهەر شێوازێک بێت ئەوەی لە توانامان هەبێت لە کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک و پشتیوانی دەیکەین بۆ هاوکاری کردنی رۆژئاوای کوردستان".
ئەرکی هەموومانە هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بکەین
لە بەردەوامییدا ووتیشی: "لەئیستادا تەنها ئاستەنگی لەبەردەم هاوکاری کردنی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن خەڵکی باشورەوە داخستنی سنورەکانە، بۆیە پێویستە سنورەکان بکەینەوە تاوەکو بتوانین هاوکاری بگەینینە هەزاران ژن و منداڵی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، لای هەمووان ئاشکرایە کە بەم سەرمایە خەڵکێکی زۆر لە رۆژئاوای کوردستان ئاوارەبوونە و ڕووبەڕووی کارەسات بوونەتەوە، بۆیە ئەرکی هەموومانە هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بکەین".
پێویستە پێکەوە ئەو سنورانە بشکێنین کە دوژمن بۆمانی دروست کردووە
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەمەزان حاجی ڕەشید وتی: "پێویستە کورد بەشێوەیەک بیربکاتەوە کە هەر ڕووداوێک لە پارچەیەکی کوردستان ڕووبدات هیچ جیاوازی نیە لە ڕوودانی لەهەر چوار پارچەی کوردستان، پێویستە هەموو کوردان پێکەوە ئەو سنورە دەستکردانە بشکێنین کە دوژمنان لەدژی یەکڕیزی کورد دروستیان کردووە".