پیک: ئێمە کۆمەڵکوژیی ڕۆبۆسکیمان لەبیر نەکرد

پیک کۆمەڵکوژیی ڕۆبۆسکی شەرمەزار کرد و گوتی: "هەتا دەوڵەتی تورک ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکانی دژی گەلی کورد نەبێتەوە، لە تورکیا و کوردستان ئارامی پێک نایەت و پرسی کورد چارەسەر نابێت".

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ ٣٤ هاوڵاتی کورد کە ١٧ منداڵی تێدابوو لە گوندی ڕۆبۆسکی ناوچەی قلەبانی شەرناخ بەشێوەیەکی دڕندانە شەهید کرد. پارتی ئیسلامیی کوردستان (پیک) بەبۆنەی ١٣ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکە ڕاگەیاندراوی بڵاوکردەوە.

تێیدا ئاماژە بەوە کراوە پاش ١٣ ساڵ هیچ ئەنجامێک لە تێکۆشانی یاسایی بەدەست نەهاتووە، دەڵێت: "لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورک زوڵم و کۆمەڵکوژییەکانی دژی گەلی کورد بە ڕەوا دەبینێت، بە ناوی یاساوە هەموو کارێکی نایاسایی دەکرێت. کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی لەکاتی دەسەڵاتی ئاکەپە ڕوویدا و ئاکەپە دەڵێت "کورد خوشک و برای ئێمەن"، لە کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی یاسا بێ کار کرا".

هەروەها تیشکخرایە سەر دوژمنایەتی و سیاسەتی فاشیستانەی دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە بەرامبەر گەلی کورد، جەختکرایەوە ئەم دوژمنایەتییە لە سنووری تورکیا قەتیس نابێت، لە هەر شوێنێک کورد هەبێت بەردەوامە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە، هەتا دەوڵەتی تورک ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکانی دژی گەلی کورد نەبێتەوە، لە تورکیا و کوردستان ئارامی پێک نایەت و پرسی کورد چارەسەر نابێت، پیک کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی و هەموو کۆمەڵکوژییەکان شەرمەزار دەکات و دەڵێت: "ڕۆبۆسکیمان لەبیر نەکرد و لەبیری ناکەین".