ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵی لە ئێران زیندانی کرا

ئیتاڵیا ڕایگەیاند ماوەی هەفتەیەکە ئێران، ڕۆژنامەنووس سیسیلیا سالای دەستبەسەرکردووە و هێشتا هۆکارەکەی ناڕوونە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا ڕایگەیاند ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی سیسیلیا سالای کە لە ڕۆژنامەی (II Foglioy) کاردەکات لە ئێران زیندانی کراوە.

ڕووداوی گرتنەکە لە ١٩ ی کانوونی یەکەم ڕوویداوە و بەڵام ئەمڕۆ بەرپرسان ڕای گشتییان ئاگادار کردووەتەوە. وەزارەتەکە دەستنیشانی کرد، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە ئێران پاولا ئامادی سەردانی ڕۆژنامەنووسە گیراوەکەی کردووە و چاودێری ڕەوشی کردووە.

ڕۆژنامەنووس سیسیلیا (٢٩ ساڵ) پێشتر بەشێوەیەکی بەرفراوان دەربارەی ئێران کاری کردووە و لەگەڵ کۆمەڵەکانی زەینەب موسەویی کە دژی حیجابی ناچاری دەوەستنەوە، ڕیپۆرتاژی کردووە. موسەویی لە سەرەتای ئەم ساڵ زیندانی کرا و پاشان ئازادکرا.

ڕۆژنامەی (II Foglioy) ڕایگەیاند ڕۆژنامەنووسەکە لە زیندانی بەناوبانگی تاران (زیندانی ئەوین) زیندانی کراوە. ڕۆژنامەکە دەڵێت: "ڕۆژنامەنووسی تاوان نییە، لە وڵاتە هەموو جۆرە ئازادییەک و ئازادیی ڕۆژنامەنووسی سەرکوت دەکرێت. هاوکارەکەمان دەگەڕێنینەوە بۆ ماڵەوە".