بە گوێرەی یاسا دەبێت 'مافی هیوا' بە فەرمی بناسرێت
هاوسەرۆکی لقی ئەنقەرەی ئۆهەدە فەرید سیدار رایگەیاند، دەسەڵاتداری تورک هەم بە گوێرەی یاسای ناوخۆیی و هەمیش بە گوێرەی یاسای نێونەتەوەیی دەبێت مافی هیوا بە فەرمی بناسێت.
هاوسەرۆکی لقی ئەنقەرەی ئۆهەدە فەرید سیدار رایگەیاند، دەسەڵاتداری تورک هەم بە گوێرەی یاسای ناوخۆیی و هەمیش بە گوێرەی یاسای نێونەتەوەیی دەبێت مافی هیوا بە فەرمی بناسێت.
پارێزەر فەرید سیدار ئەوەی خستەڕوو کە دۆخی رێبەر ئاپۆ گونجاوە بۆ سودمەندبوون لە مافی هیوا و باسی لەوەکرد کە رێگری لەوە کردەوەیەکی نایاساییە.
هاوسەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) فەرید سیدار قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و بەبیری هێنایەوە، کە مافی هیوا لە رووی یاسایی و گەردونییەوە وەک جێگرەوەیەک بۆسزای مردن دانرا کە سزایەکە لە دژی مافەکانی مرۆڤ. سیدار باسی لەوەکرد کە لە ئەنجامی تێکۆشانی چەندین ساڵەدا ژمارەیەکی زۆر وڵات بە تایبەتی لە ئەوروپا سزای مردنیان قەدەغەکرد.
پاڕێزەر سیدار سەرنجی بۆ سەر خاڵی دووەمی پاراستنی مافی ژیان لە پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤ راکێشا.
دەبێت سەرلەنوێ سزاکە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی پێدابکرێت
هاوسەرۆک سیدار باسی لەوەکرد کە دەبێت حکومەتی تورک لە بارەی رێبەر ئاپۆوە پرۆسە و رێکارە یاساییەکان جێبەجێ بکات و وتی، "دۆخی سزا و هەلومەرجی سزادانی عەبدوڵا ئۆجالان لە رووی یاساییەوە بوارێکی گونجاو و لەبار دەڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی سود لە مافی هیوا وەربگرێت، بەڵام ئەوە بە کردەوە جێبەجێ ناکات. تورکیا رێکارە یاساییەکان جێبەجێ ناکات".
سیدار روونیکردەوە بە گوێرەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا چەندین هۆکار هەیە بۆ ئەوەی سزای زیندانی هەتا هەتایی بە گوێرەی خاڵی سێهەمەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، "بە گوێرەی ئەوە دەرفەت هەیە کە هەم ئازاد بکرێت، هەمیش سزاکە سەرلەنوێ هەڵبسەنگێندرێتەوە. ئەگەر سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ ببڕدرێتەوە و دەرفەتی ئازادکردنی مەرجداری نەبێت، ئەوە بە واتای ئەوە دێت سەپاندنی ئەو سزایە گۆشەگیرییە و بڕیارێکی نامرۆڤانەیە. لە بنەڕەتدا دەبێت ئەو زیندانیانەی سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ بڕاوەتەوە، دەبێت ئەوانیش لە مافی ئازادکردنی مەرجدار سوودمەند بن، بەم جۆرە تایبەتمەندی رووخێنەری سزاکە لە دژی سکۆمەندی مرۆڤەکان دەتوانرێت سەرڕاست و هەموار بکرێتەوە. لەبەر ئەوە تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە و ئازادکردن پێکەوە بەستراونەتەوە."
سیدار ئاماژەی بەوەشکرد کە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ئەوەی دەستنیشان کردووە کە هەر وڵاتێک ئەندام بەگوێرەی تایبەتمەندییەکانی خۆی دەتوانێت کاتی سودمەندبوون لە مافی هیوا دیاری بکات، بەڵام ئەو ماوەیە نابێت ئەوەندە درێژ بێت، کە مافی هیوای مرۆڤەکان لەبارببرێت.
هەروەک باسی لەوەشکرد کە بە گوێرەی بڕیار و ئەرکەکانی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا دەبێت تورکیا سەرڕاستکردنەوەی یاسایی بکات، کە گۆڕانکاری بنچینەیی ئەنجام بدات و رێکاری لەو جۆرە بگرێتەبەر تا سزای زیندانی هەتاهەتایی توندکراو نەمێنێت.
'دەبێت گۆڕانکاری یاسایی بکرێت'
سیدار رایگەیاند، جێبەجێکردنی مافی هیوا وادەخوازێت کە تورکیا بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا یاساکانی هەموار بکاتەوە، بە تایبەتی بە گوێرەی بڕیاری 'ئۆجالان ٢'، هەر لەو بارەوە زیاتر وتی: "لە چوارچێوەی هەموارکردنەوەکەدا دەبێت ئەو کەسانەی لە تورکیا سزای زیندانی هەتاهەتاییان هەیە میکانیزمی تایبەتیان بۆ دیاری بکرێت بۆ ئەوەی بە گوێرەی مافی هیوا ئازاد بکرێن".