دۆسییەی کوشتنی نارین گورانی ٨ ساڵ کە لە ٢١ ی ئابدا لە گەڕەکی چولی ناوچەی ڕێزانی ئامەد بێسەروشوێن کرا و تەرمەکەی لە ٨ ئەیلول دۆزرایەوە، دوای پشووەکە بەردەوامبوو. لە هۆڵی دادگاکە ڕێکاری ئەمنی گیرایەبەر. جەندرمە لە نێوان دەستەی دادگا و تۆمەتبار و ئامادەبووان دانرا.
بەهۆی زۆری ڕێژەی بەشداریکردن، گەلێک کەس نەیانتوانی بچنە نێو هۆڵی دادگاوە.
دادگا گوێی لە دوا قسەی دایکی نارین یوکسەل، سالمی مامی، ئەنەس گوران برا گەورەکەی و نەوزاد بەختیار دراوسێیانی گرت کە بە تاوانی "کوشتنی بە ئەنقەست لە دژی منداڵ" زیندانی کراون.
یوکسەل گوران لە دوا قسەکانیدا گوتی: "دڵم بریندارە، بەڵام خودای من شایەت و کەفیلمە. هەرگیز کچەکەمم نەکوشتووە، سەرم بەرزە. خودا هەقم نافەوتێنێت".
نەوزاد بەختیار وتی: "بەدڵنیاییەوە نارینم نەکوشتووە. سالم گوران تەرمەکەی پێدام. منیش وەرمگرت. سزاکە هەرچی دەبیت با ببێت ڕازیم، سوێند دەخۆم کە نارینم نەکوشت".
ئەنەس گوران لە دوا قسەکانییدا وتی: "ڕاستیم وت، بەدڵنیاییەوە درۆم نەکردووە. لە مافی خۆم خۆشنابم. ئەو تۆمەتانەی لەسەرم وتراوە قبوڵی ناکەم. داوای ئازادکردنم دەکەم".
سالم گوران وتی: "نارین گیانی منە. دوا کەس کە زەرەر بدات منم. بە هیچ شێوەیەک زیانم بە نارین نەگەیاندوە. بێتاوانم، دەمەوێت بێتاوانیم بسلەمێنرێت".
دەستەی دادگای سزایی هەتاهەتایی لەسەر یوکسەل، ئەنەس و سالم گوران سەپاند و ٤ ساڵ و ٦ مانگ سزایی بەسەر نەوزاد بەختیار سەپاند.