وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گیدیۆن سار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتەکە ڕەوشی سوریای هەڵسەنگاند و تیشکی خستەسەر هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیل و ناسەقامگیری حکومەتە نوێیەکەی سوریا.
وەزیرەکە دەربارەی حکومەتە نوێیەکەی سوریا گوتی: "ئەمە چەتەیەکی تیرۆریستە، پێشتر لە ئەدلب و دواتریش دیمەشق و شارەکانی تری کۆنتڕۆڵ کرد. جیهان دەیەوێت ڕژێمی نوێ و سەقامگیر ببینێت، بەڵام ڕەوشەکە بەو جۆرە نییە. لە ناوچە کەناراوەکان پێکدادان لەگەڵ عەلەوییەکان هەیە. هەڕەشەی ئاشکرای ئەردۆگان هەیە بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکان و دەستدرێژیی بۆ سەر کۆمەڵگەی مەسیحی لە سوریا هەیە".
گیدیۆن سار ڕایگەیاند حکومەتی نوێی سوریا، ڕژێمێکی ئیسلامییە و دەیەوێت کۆنتڕۆڵێکی سەرتاسەری بەسەر سوریادا هەبێت.
"کێشەمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە"
پارێزگاری دیمەشق ماهیر مەروان لەسەر ناوی سەرۆکی هەیئەی تەحریر ئەل شام (هەتەشە) ئەحمەد ئەل شەرع قسەی بۆ ڕادیۆی (NPR)ـی ئەمریکی کرد و گوتی: "هیچ مەترسییەکمان بۆ سەر ئیسرائیل نییە و کێشەمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە. نامانەوێت ببینە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل یان هەر وڵاتێکی تر. ئێمە ئاشتیمان دەوێت".
مەروان نیگەرانییەکی ئیسرائیلی بە ئاسایی بینی و گوتی: "ڕەنگە ئیسرائیل ترسی هەبێت، بەم هۆیەوە هەندێک پێشڕەویی و بۆردوومان و شتی لەوجۆرەی ئەنجامدا".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم هۆشداری دابوو هەرکەس هاوشێوەی ئەسەد مامەڵە بکات هەمان چارەنووسی ئەسەدی دەبێت، گوتبووی: "ڕێگە نادەین ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئیسلامیی توندڕەو لە دەرەوەی سنوورەکان دژی ئیسرائیل بجووڵێتەوە. هەموو کارێک دەکەین بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان".