کوردان لە ٥ شاری ئەڵمانیا بڕیاری حکومەتی عێراقیان لەسەر شەنگال ئیدانە کرد

کوردان لە ٥ی شاری ئەڵمانیا رژانە سەر شەقامەکان و بڕیاری حکومەتی عێراقیان لەسەر شەنگال ئیدانە کرد.

کوردان لە شارەکانی دویسبورگ، ساربروکن، کۆڵن، بیلەفێڵد و گیسن لە ئەڵمانیا رژانە سەر شەقامەکان و بڕیاری حکومەتی عێراقیان لەسەر شەنگال ئیدانە کرد.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری دویسبورگ لە چوارچێوەی کەمپەینی "کۆتایی بە گۆشەگیری، فاشیزم  و داگیرکەری بهێنە، پیکەوە راپەڕین" چالاکییەکیان رێکخست و لە چالاکییەکەدا هەوڵە داگیرکەرییەکانی عێراق و خیانەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یان لە دژی شەنگال ئیدانە کرد.

مەرڤان سەزاکی بە ناوی دەستەبەڕێوەبەریی کۆمەڵگەى ئێزدییەکانەوە رایگەیاند، "هێرش لە دژی یەژەشە و یەبەشە و ئاسایشی ئێزدخان، هێرشە لە دژی هەموو کوردان. رێککەوتنەکەى نێوان پەدەکە و کازمی لەلایەن کوردانەوە قبوڵ نەکرا. ئەو رێککەوتنە بە مانای فەرمانێکی نوێیە لە دژی دەستکەوتەکانی ئێزدییەکان".

کوردستانیان لە شاری ساربروکن لە دژی داگیرکەریی سەر شەنگال چالاکییەکیان ئەنجامدا و لە چالاکییەکەدا رایانگەیاند، ئەو بڕیارە  کۆمەڵگەى ئێزدی دەکاتە ئامانجی هێرشەکانی تورکیا و هاوکارەکانی.

هاوکات لە شاری کۆڵن کۆبوونەوەیەک لە دژی داگیرکەریی سەر شەنگال رێکخراو تیایدا پشتیوانی لە چالاکیی مانگرتنی زیندانیان کرا و داوا کرا، خاوەنداری لە مانگرتنی زیندانیان بکرێت. هەروەها بڕیاری حکومەتی بەغدا لەسەر شەنگال ئیدانە کرا.

لە شاری بیلەفێڵدیش بە رێکخستنی رێپێوانێک هەڕەشەکانی سەر شەنگال ئیدانە کران. لە دوای رێپێوانەکە گردبوونەوەیەک رێکخراو و بە ناوی سەمەژێ، پەیەدە، نەجەدەکە و گەنجانی شۆڕشگێڕەوە وتە پێشکەشکرا.  

لە بەردەوامیی ئەو زنجیرە چالاکییەدا لە شاری گیسن چالاکییەک رێکخرا و لە چالاکییەکەدا، کوشتارەکەى قامیشلۆ، گازی و هەڵەبجە و هێرشی داگیرکەری بۆ سەر شەنگال ئیدانە کران. لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو و وتە بە ناوی پەیەدە، دەگەبە، فەجەدەکە / کاوا خوێندرانەوە و پێشکەشکران و کوشتاری سەر گەلی کورد ئیدانە کرا.

ژ.ت