کوردستانیان لە سویسرا چالاکییان بۆ ئازادیی ئۆجالان ئەنجامدا

کوردستانیان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە" لە شاری ئاراوی سویسرا چالاکییان ئەنجامدا.

کوردستانیان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە" لە شاری ئاراوی سویسرا داوای ئازادییان بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد.

چالاکییەکە لەسەر داوای ئەنجومەنی ژنانی رۆژبین لە باهنهۆف پلاتز بەڕێوەچوو. چالاکییەکە بە خولەکێک رێزگرتن دەستیپێکرد. دوای رێزگرتنەکە ئاسیمی ئەنگین چالاکوانی ژنی کورد مێژووی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات و قۆناغەکانی پیلانگێڕییەکەی تاوەکو ئەمڕۆ بە زمانەکانی ئەڵمانی و تورکی بۆ ئامادەبوان باسکرد.

عەلی شیمشەک هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە سویسرا (CDK-S) رایگەیاند، بۆ ئەوەى داوای زیندانیان بە رای گشتیی جیهان بگات لە هەموو شوێنێکدا چالاکی ئەنجام دەدەن و بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.

شیمشەک راشیگەیاند، داگیرکەری، کوشتار و گۆشەگیری ٢٢ ساڵە بەردەوامیی هەیە و وتی، "ئەو هێز و ورەیەى ئێمە لە رێبەرایەتییەکەمان و سەرکەوتنەکانی گەریلا و سەرکەوتنی گارە لەمدواییەدا، وەری دەگرین، دەبێتە هۆی ئەوە سەرکەوتن بەدیهبێنن و رێبەرەکەمان ئازاد بکەین".

دوای پێشکەشکردنی وتەکان، دروشمی خاوەنداریکردن و پشتیوانی لە هەڵمەتەکە وترایەوە و کۆتایی بە چالاکییەکە هات.

ژ.ت