کورکچو: بۆ دیموکراسی، دەبێت کۆمەڵگە دەسپێشخەریی بکات

سەرۆکی فەخری هەدەپە ئەرتوغرول کورکچو ڕایگەیاند بۆ بنیاتنانی زەمینەی دیموکراسی و یاسایی، پێویستە کۆمەڵگە دەسپێشخەریی بکات.

ئەرتوغرول کورکچو

سەرۆکی فەخری هەدەپە ئەرتوغرول کورکچو قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ڕایگەیاند دەسەڵات لەلایەک لەڕێگەی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، هەوڵدەدەن ئاماژەی ئەرێنی بدەن، لەلایەکی ترەوە بە ئۆپەراسیۆنەکان بەرامبەر جەهەپە، هەوڵدەدەن سەلەنوێ ڕژێمی دەسەڵاتخواز بسەپێنن.

هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر دیالۆگی کورد- تورک

کورکچو تیشکی خستەسەر ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانی سەر جەهەپە، گوتی: "ئەمە مەترسییەکی کوشندەیە. ڕژێم قومار لەسەر عەقڵی کورد دەکات. لەلایەک سەرقاڵی دامەزراندنی ڕژێمێکی دەسەڵاتخواز-تۆتالیتاری نوێیە لە سەرتاسەری تورکیادا، لەلایەکی دیکەشەوە داوایان لێ دەکات باوەڕیان بە ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ئارام و ئازاد لەژێر دەسەڵاتی ئەودا هەبێت.

ئەمە دەبێتە هۆی نیگەرانی و گومانی کوردەکان دەربارەی ڕاستەقینەیی ئەو 'دیالۆگ'ـە. کورد دەبینێت ئەوەی بەسەر ئەواندا هاتووە، ئێستە دەیانەوێت بەسەر جەهەپەدا بیهێنن و بیانکەنە بەشێک لەم ئەجێندایە. ئەو نیگەرانییەی کە "فیداکاری بۆ ئاشتی، دەچێتە خزمەتی رژێمی ستەمکارەوە" ، جەماوەرێکی زۆر لە سیاسەت دوور دەخاتەوە".

ئۆپەراسیۆنەکە دژی ڕێککەوتنی شارەکانی نێوان بزووتنەوەی سیاسی کورد و جەهەپەیە

ئەرتوغرول کورکچو ڕایگەیاند ئەم ئۆپەراسیۆنە بە ناوی "ڕێککەوتنی شار"ـەوە دژی ئۆپۆزیسیۆن ڕێکخراوە، گوتی: "لەو تۆمەتنامەیەی کە لە ڕێگەیەوە هێرشی دادوەری بۆ سەر شارەوانییەکانی جەهەپە ئەنجام دەدرێت، هاتووە، 'تیۆری فۆرمولەی ڕێککەوتنی شار لەلایەن بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی تیرۆریستییەوە خراوەتە ڕوو، فۆرمولەیەکە، کە دەکرێت لەنێو سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکدا لە هەندێک بواردا جێبەجێ بکرێت. لە چوارچێوەی پلانسازییەکەدا بەشدارکردنی هەندێک لە ئیدارەی خۆجێیەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵات هەیە و ناوی ڕێککەوتنی شاری لێ نراوە.

بەکورتی لەکاتێکی وەهادا کە سەرۆککۆمار و هاوکارەکەی بانگەواز لە سەرۆکی پەکەکە دەکەن کە چەک دابنێت و ڕێکخستن هەڵبوەشێنێتەوە، یانی ئەوەی پێی دەڵێن 'تیرۆر' لەژێر چاودێری ڕژێمدا و لەڕووی یاسای و پراکتیکییەوە هەڵبوەشێتەوە و نەمێنێت، هەمان ئەو دەوڵەتەی جەلادئاسا، ئیدارە خۆجێیەکانی کوردان لە باکووری کوردستان و بەشداربوونی کوردان لە ئیدارەی خۆجێیەکانی ڕۆژئاوا، تاوانبار دەکات".

ئەم ئۆپەراسیۆنە سیاسییە و گرێدراوی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ ـە

ئەرتوغرول کورکچو ڕایگەیاند بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنی ٢٠٢٨ ڕێگەبگرن لە هاوپەیمانێتییەکی دیموکراتیک لەنێوان دەم پارتی و جەهەپە، پشتیوانی بەرفراوانی گەل لە شارەکان نەهێڵن، ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجامدراوە، گوتی: "لە پشت پەردەی ئەم هێرشەوە، دەیانەوێت نیشانی بدەن کە هەرکات ئۆپۆزیسیۆن، کورد و جەهەپە لەیەک نزیک ببنەوە، هەموو شتێک دەسووتێنن".

بۆ بنیاتنانی زەمینەی دیموکراتیک، پێویستە گەل دەسپێشخەریی بکات

کورکچو سەبارەت بە دوایین پێشنیاری سیاسی ڕێبەر ئاپۆ و پراکتیکی حکومەت بۆ بنیاتنانی زەمینەی یاسایی و دیموکراتیک، گوتی: "وا دیارە، دیسانەوە دەوڵەت و دەسەڵات ناتوانن لە تاقیکردنەوەی 'زەمینەی یاسایی و دیموکراتیک' سەرکەوتووانە دەربچن، ڕاستی دەرناچن. دەبێت هەر کۆمەڵگە و دەسپێشخەری و کۆمەڵێک، لای خۆیەوە 'زەمینەی یاسایی و دیموکراتیک' بنیات بنێت".