بە دیمەن

ئایشەگوڵ دۆغان: هێشتا نەشتەگەرییەکەی ئۆندەر بەردەوامە

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند نەشتەگەرییەکەی سری سورەیا ئۆندر کە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە، هێشتا بەردەوامە.

ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان سری سورەیا ئۆندەر دوێنێ جەڵتەی دڵ لێی دا و گەیەندرایە نەخۆشخانە.

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان لەبەردەم نەخۆشخانە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی بەست و گوتی: "ئێستە بێجگە لە لێدوانی پزیشکەکان، هیچ زانیارییەکی نوێ نییە، هێشتا نەشتەگەرییەکە بەردەوامە".

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند پاش کۆتایی‌هاتنی نەشتەگەرییەکە چاوەڕێ دەکەن بگوازرێتەوە بۆ بەشی چاودێری چڕ، ئەوکات زانیاری نوێ بۆ هەمووان ڕادەگەیەنن.

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند سری سورەیا ئۆندەر ئەزموون و ڕووداوی سەختی تێپەڕاندووە، لەکاتی سەختدا بەرپرسیارێتی قورسی گرتۆتە ئەستۆ، بۆیە باوەڕیان وایە ئەم نەخۆشییەش تێپەڕێنێت. سوپاسی پشتیوانی هەمووانی کرد.