وەک پشتگیریەک بۆ مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی پەکەکە و پاژک دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە چەند شارێکی جیهان مانگرتن لە خواردن دەستی پێ کرد، سۆسیالیستەکان لە شاری بازلی سویسرا دەستیان بە مانگرتن لە خواردنی ٣ ڕۆژە کرد.
مانگرتن لە خواردنەکە بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوی کۆنفیدراسیۆنی کۆچبەرانی بندەستی ئەوروپا و پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان (تەسەپە) و یەکێتی ژنانی سۆسیالیستی (سەکەبە) و (Young struggle) دەستی پێ کرد.
لەسەر ناوی ڕاگەیاندراوی کۆنفیدراسیۆنی کۆچبەرانی بندەستی ئەوروپا، گوڵدەرەن سەڤیم ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی تەیب ئەردۆگان گۆشەگیری سەر زیندانیانی سیاسی زیاتر کردووە، بۆردوومانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و کۆمەڵکوژی پیرسوس بەشێکە لە پلانی پاکتاوکردن.
هەروەها تیشکخرایە سەر پێشێلکارییەکانی نێو زیندانەکان و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوترا: "لە کەسێتی عەبدوڵا ئۆجالاندا، هەموو مافە جڤاکی و سیاسی و یاساییەکانی زیندانیانی کورد و زیندانیانی سیاسی توندکراوەتەوە".
هاوکات ئاماژە کرا بە مانگرتن لە خواردنی زیندانیان و ئێشکگری دادپەروەری بنەماڵەی زیندانیان دژی گۆشەگیری و ئەشکەنجە و فشارەکان، دووپاتکرایەوە ئەم بەرخۆدانە بە یەکێتی لە تورکیا و کوردستان و ئەوروپا سەردەکەوێت.
ئاماژە بەوە کرا دەوڵەتانی ئەوروپا و کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە (سی پی تی) نەوەک هەر پێشێلکاری و ئەشکەنجە و گۆشەگیریەکانی تورکیا و کوردستان لەبەرچاو ناگرن، بەڵکو پشتیوانی دەکەن، بۆیە هاوبەشی تاوانەکانن.
بانگەواز لە کرێکارانی ئەوروپی، هێزە دژە فاشیستەکان، ژنان و گەنجان، ڕێکخراوە کۆچبەرەکان، ڕێکخراوە ئینتەرناسیۆنالیستەکان، کۆمۆنیستەکان و شۆڕشگێڕەکان کرا لە بەرامبەر فشارەکانی ناو زیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان خاوەنداری لە زیندانییەکان بکەن. پشتگیری لە بەرخۆدانی زیندانیان بکەن.
هەروەها بانگەوازکرا پشتیوانی لە مانگرتن لە خواردنەکانی ئەوروپا بکرێت و تێکۆشان بەهێزتر بکرێت دژی گۆشەگیری و فشارەکان.
سۆسیالیستەکان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد و بانگەوازیان کرد بۆ بەشداربوون لەو چالاکییەی سبەی بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان لە بازل ئەنجام دەدرێت.
چالاکوانان ڕۆژی یەکشەممە کۆتایی بە مانگرتن لە خواردنەکەیان دەهێنن.