لە بەلجیکا داوای ٢٠ ساڵ زیندانیکردن بۆ دیپلۆماتێکی ئێرانی تاوانبار بە تیرۆر دەکرێت
لە بەلجیکا داوا دەکرێت دیپلۆماتێکی ئێرانی ٢٠ ساڵ زیندانی بکرێت، کە تاوانبارە بە دانانی پلانی کاری تیرۆریستی.
لە بەلجیکا داوا دەکرێت دیپلۆماتێکی ئێرانی ٢٠ ساڵ زیندانی بکرێت، کە تاوانبارە بە دانانی پلانی کاری تیرۆریستی.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی فیدراڵی بەلجیکا ئەسەدوڵا ئەسەدی دیپلۆماتی تەمەن ٤٨ ساڵی ئێرانی لە ساڵی ٢٠١٨دا لە دژی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی پلانی هێرشێکی "تیرۆریستی" داناوە و بەو هۆیەشەوە داواکاری گشتیی بەلجیکا داوایکردووە "زۆرترین" سزای بەسەردا بسەپێنرێت.
لەو چوارچێوەیەدا داواکاری گشتیی بەلجیکا داوای کردووە ئەو دیپلۆماتە ئێرانییە ٢٠ ساڵ زیندانی بکرێت و هەروەها هەر یەک لە ٣ تۆمەتباری تری ئەو پلان و هەوڵە تیرۆریستییە بە تاوانی "هاوکاریکردن لە تاواندا" ١٥ ساڵ تاوەکو ١٨ ساڵ زیندانیان بەسەردا بسەپێنرێت.
سەرباری ئەوەى داواکرابوو ئەسەدی بەشداری دانیشتنەکەى دادگا بێت، بەڵام ئامادەى دانیشتنەکەى دادگا نەبوو، بەڵام ٣ تۆمەتبارەکەى تر ئامادەی دانیشتنەکەى دادگا بوون.
لە هاوینی ٢٠١٨دا ژن و پیاوێکی ئێرانی پلانی هێرشکردنە سەر کۆبوونەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیان داڕشتبوو، بەڵام لە بەلجیکا دەستگیرکران.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا ٥٠٠ گرام ماددەی تەقەمەنیی دەستکرد دەستی بەسەردا گیرابوو و هەر لە بەردەوامیی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا دیپلۆماتێکی ئێرانی بە ناوی ئەسەدوڵا ئەسەدی، کە بە سەردان رۆیشتبوو بۆ ئەڵمانیا دەستگیرکرابوو.
ئاماژە بەوە دەکرێت، کەسە دەستگیرکراوەکان پلانیان دانابوو لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لە پاریس هێرش بکەنە سەر کۆنگرەى ئەنجومەنی نەتەوەیی خۆڕاگریی ئێرانی سەر بە موجاهیدینی خەڵق.
ژ.ت