کەسکین بایندر: دەبێت ڕۆژەڤی سەرەکیمان یەکێتی نەتەوەیی بێت

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە کەسکین بایندر لە کۆنگرەی مەبیا-دەر قسەی کرد و گوتی: "دەبێت ڕۆژەڤی سەرەکیمان یەکێتی نەتەوەیی بێت. هەروەها گەلی کورد دەبێت هێز و هەوڵدانەکانی بۆ بە دی هێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی بەکاربهێنێت."

کۆمەڵەی هاوکاری  و پشتیووانی بنەماڵەی  بێسەروشوێنانی لانکەی شارستانیەت (مەبیا-دەر) چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی  لە هۆڵێکی ئاهەنگ لە ئامەد بە دروشمی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ئەنجام دەدات. هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندەر، وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) خالید تورکئۆغڵو، هاوسەرۆکانی شارەوانی، پەرلەمانتاران و نوێنەری زۆرێک لە دامودەزگاکان ئامادەبوون. 

لە هۆڵی کۆنگرەکەدا پانکارت بە نووسینی "بە دیدگای 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' سەردەکەوین" و وێنەی ڕێبەر ئاپۆ و کادرانی پێشەنگی پەکەکە عەلی حەیدەر کایتان و ڕەزا ئاڵتون هەڵواسران. کۆنگرەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد و چەندین جار دروشمی "شەهیدان نامرن" بەرزکرایەوە. 

هاوسەرۆکی مەبیا-دەر محەمەد ئەمین کلیچ لە دوای هەڵبژاردنی دیوانەکە قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا مەبیا-دەر بەشێکی گرنگی تێکۆشانە و گوتی: "بۆ فراوانبوونی ئەم تێکۆشانە، مەبیا-دەر بەهێزتر خەباتەکانی ئەنجام دەدات." 

پاشان سەرۆکی کۆمەڵەی شێخ سەعید و نەوەى شێخ سەعید قاسم فورات قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا گەلی کورد ئەمڕۆ پێکەوە شەهیدانیان بە بیردەهێننەوە و گوتی: "شەهیدەکانمان، شکۆمانن. لەسەر ڕێچکەی ئەوان بەردەوامین." 

هاوسەرۆکی مەبیا-دەر کەرەم جانپۆڵاتیش گوتی: "بنەماڵەکانمان تەنها یەک داواکارییان هەیە؛ ئەویش ئەوەیە بەهاکانمان لەبیر نەکەین، خاوەندارێتی لە تێکۆشانەکانیان بکەین". 

هەروەها دایکی ئاشتی نەزاهەت تەکە ئاماژەی بەوەدا ئەگەر ئەمڕۆ باسی پڕۆسەیەک دەکەن؛ دەبێت دەوڵەتیش بە پێی ئەوە هەنگاو بنێت و گوتی: "بانگەواز لە ئەردۆگان و باخچەلی دەکەین؛ دەستی بەڕێز ئۆجالان بگرن و ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەن.  دایکان ئاشتییان دەوێت. دایکان ئیدی لەسەر ئەم خاکە ئازارییان ناوێت." 

لە کۆتاییدا هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە کەسکین بایندەر قسەی کرد و ئاماژەی بە سەدهەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی کرد و گوتی: "ساڵیادی لە سێدەرەدانی شێخ سەعیدە. ساڵیادی لە سێدارەدانی ڕابەر و پێشەنگی گەلی کوردە. سەری ڕێز لە بەردەم هەموو شەهید و جەنگاوەرانمان دادەنەوێنین. کاتێک شێخ سەعید ڕۆشتە بەردەم پەتی سێدارە گوتی "دەبێت نەوەکانم شانازیم پێکەوە بکەن و با من ڕووڕەش نەکەن." ئێمەش ئەمڕۆ دەڵێین بە دەیان هەزار نەوەی تۆ لێرەیە و ئێوە ڕووڕەش ناکەین. مێژووی کورد و کوردستان بە سەدان ساڵ بە کوشتن و قڕکردن تێپەڕیوە. لە هەر بستێکی خاکی کوردستان زوڵم ئەنجام دراوە. لە لایەک زوڵم و زۆرداری هەیە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە کە شانازی پێکەوە دەکەین، لەسەر هەر بستێکی ئەم خاکە تێکۆشان و بەرخۆدان هەیە. ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانانەی ئەمڕۆ پڕۆسەیەکی دەستپێکرد. 

ئەوە نییە کە دەوڵەتە دۆستی ئێمەیە ئەم پڕۆسەی دەستپێکردوە. ئەم پرۆسەیە کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە پڕۆسەی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' ناوی دەبات، بە تێکۆشانی گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی کوردستان پەرەی سەندووە. بە هەڵوێست و تێکۆشانی ڕێبەری ڕێبەران ڕێزدار ئۆجالان  پەرەی سەندووە." 

وتیشی: "هەر بستێکی کوردستان بە تێکۆشان و بەرخۆدان بە دەستهێنراوە. لە سەرانسەری جیهان ئەمڕۆ باسی کورد و ستاتۆی کورد دەکرێت. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە کورد ئیدی لەگەڵ ڕێبەر و تێکۆشانەکانی هێزێکی جیهانییە. ئەم هێزە بە ئامانجەکانی دەگات، ئامانجمان ئازادییە. ئامانجمان ستاتۆی کوردستانە." 

لە کۆتایی قسەکانییدا کەسکین بایندەر ئاماژەی بەوەدا بۆ ئەوەی ستاتۆ بەدەست بهێنن، پێویستیان بە ڕێکخستن و یەکێتی هەیە و گوتی: " ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ٢٠١٣ دا بانگەوازی لە پێشەنگانی کورد، پارتە کوردییەکان کرد، خواستی لە ژێر یەک چەتردا ببنە یەک. دەیویست لە ژێر چەتری کۆنگرەی نەتەوەی کوردستاندا هەموو هێزە کوردستانییەکان یەکبگرن و پاراستنی لە گەلی کوردستان بکەن. ویستی پاراستنی یاسا و دیپلۆماسی بەرەوپێشەوە ببەن. هەروەها ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان دەکات. ئێمەش لێرەوە بانگەواز لە هەموو دامەزراوە و ڕێکخستنەکانی سەرانسەری کوردستان دەکەین. دەڵێین دەنگتان با  لە تەنیشت بەڕێز ئۆجالان بێت. ئەم پرسە پرسی داهاتووی گەلی کوردە. چونکە لە هەر چواربەشی کوردستان شەڕ هەیە. کورد بە دابەشبوون ناتوانێت خۆی بپارێزێت، بەڵام لە هەر چواربەشی کوردستاندا هێزمان هەیە. دەبێت لەژێر چەتری کۆنگرەی کوردستان گەلەکەیان بپارێزن. ستاتۆی خۆیان مسۆگەر بکەن. ئێمە ئەمە فەرز دەکەین. بۆ ئەمەش دەبێت خەبات بکەین."  

لە دوای قسەکان، سینەفزیۆنێک نیشان درا. ڕاپۆرتی دارایی و خەباتەکان خوێندرایەوە و پاشان بە یەک لیست هەڵبژاردن ئەنجامدرا. غوربەت سەڤیکتەک ئاری و ڕەمەزان دەنگیز وەک هاوسەرۆکانی نوێی مەبیا-دەر هەڵبژێردران.