لە بناری قەندیل لە دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد ڕێپێوان ئەنجامدرا

لە دژی گۆشەگیری و لە پێناو ئازادی جەستەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە بناری قەندیل ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا و تێیدا ڕاگەیەندرا، "گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ، گۆشەگیرکردنی کورد و کوردستانە، ئێمە لە پێناو کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری تێکۆشان دەکەین".

لە بناری قەندیل، بەدەستپێشخەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و گەنجانی وڵاتپارێز و بە بەشداری دەیان کەس لە توێژە جیاجیاکان، ڕێپێوانێکی جەماوەری لە دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، لە گوندی سەر گەینێڵەوە تا گوندی سوورەدێ دەستیپێکرد.

لای خۆیەوە هەڵمەت محەمەد، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاند، "نزیکی سێ ساڵە گۆشەگیریەکی توند لەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هەیە، بەشێوەیەک کە ڕێگا نادرێت نە بنەماڵەکەی و نە پارێزەرانی بیبینن، لە زیندانی ئیمراڵیدا هەموو ڕۆژێک ئەشکەنجەکانی لەسەر قورستر دەکەنەوە، بەو شێوەیە سیستمی سەرمایەداری و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، ئەو مافانەی کە خۆشیان دایان ناوە، پێشێلی دەکەن.

وتیشی: گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بە واتای گۆشەگیرکردنی کورد و کوردستانە، لەبەرئەوەی نایانەوێت بە هیچ شێوەیەک کورد و کوردستان ئازاد ببێت و نایانەوێت داگیرکاری، خیانەت و کوشتار کۆتای پێبێت، بەردەوامی دەدەن بە گۆشەگیریی، هەر بۆیەش گۆشەگیری سنووری زیندانی ئیمراڵی تێپەراندووە و هەموو کوردستانی گرتووەتەوە، پێویستە ئەو پرسە بە باشی ببیندرێت و لە بەرامبەریدا تێکۆشان بکرێت.

هەڵمەت محەمەد ڕوونیشیکردەوە، ئامانجیان داگیرکردن و لە ناوبردنی کورد و کوردستانە، ئێمەش بە هیچ شێوازێک قەبوڵی ناکەیەن، قەندیل چەندین ساڵە لە بەرامبەر داگیرکارانی کوردستان تێکۆشان دەکات و لە بەرامبەر گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆش ئەو تێکۆشانە بەردەوام دەکات، ئێمە تێکۆشانی خۆمان لە پێناو ئازادی و شکاندنی گۆشەگیریدا گەشتر دەکەین.

ڕێپێوانەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "ئازادی بۆ ڕێبەر ئۆجالان" کۆتایی هات.

ژ.ن