جێگری سەرۆکی گشتیی پیا و چالاکوانی ئیسلامی دیموکراتیک مەنیجە رومەیسا گوڵمەز رایگەیاند، کە حکومەتی ئاکەپە کە لە هەموو دۆخێکدا هەستیاری ئایینی کۆمەڵگا دەقۆزێتەوە، بازرگانێکی ئایینە. گوڵمەز ئەوەشی خستەڕوو، کە لە بری جێبەجێکردنی ئیسلام، ئەوەی بە پێویستی دەبینێت جێبەجێکردنی یاسای ئومەویەکان یاخود سەپاندنی رژێمێکی دیکتاتۆریە لەسەر گەلان و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "ئەگەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئیسلامی راستەقینە بەڕێوەببردرێت، خوێن و فرمێسک ناڕێژرێت. شەڕ بوونی نابێت. ئیسلام لە بنچینەدا ئایینی ئاشتی، دادپەروەر و رزگارییە".
مسوڵمانان بەناوی ئایینەوە دەخەڵەتێندرێن
گوڵمەز ئەوەی خستەڕوو کە هێزە دەسيڵاتدارەکان لە ژێر ناوی ئایینەوە هەوڵ دەدەن گەل بخەڵەتێنن و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "ئاکەپە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسلامی راستەقینەوە نییە، ئایینیش بەکاردەهێنێت. ئەگەر ئێمە کردەوەکانی حەزرەتی محەمەد بە دروستی بخەیەن بەرچاوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هیچ وڵاتێک ستەم و نادادی بوونی نابێت. لەبەر ئەوەی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەلێکی ئاییندارن، بە داخەوە دەبینین کە هەستی ئەوان لە رێگەی ئایینەوە دەقۆزرێتەوە. مسوڵمانەکان لە رێگەی ئایینەوە دەخەڵەتێندرێن. وتەی فەرمانڕەوایان وەک وتەی ئایین بە مرۆڤەکان دەوترێت و لە ژێر ناوی ئاییندا پەرستشی فەرمانڕەوایان دەکرێت. دەبێت رێگەی گشتیی ئەوە بزانرێت؛ پێویست ناکات لە رێگەی حکومەتێکی ئایینیەوە بەڕێوەببرێن. ئەوەی گرنگە ئەوەیە مرۆڤەکان لە چوارچێوەی دادپەروەری، یاسا و ویژدانەوە بەڕێوەببرێن. سەدام حسێنیش لە رێگەی بەکارهێنانی ئایینەوە عێراقی بەڕێوەبرد و ئەنجامەکەشی دیارە. کاتێک لەو نمونانە دەڕوانین، دەبینین کە لە بەرامبەر ستەمکاران چی دەبێت با ببێت، نابێت ئێمە سەردابنەوێنین".
'دادپەروەری، یاسا و ئاشتی پێویستین'
گوڵمەز لەبارەی بەکارهێنانی ئایینەوە ئاماژەی بە نمونەکان لە داعشەوە تا ئاکەپە کرد و وتی، "ئەو سیاسەتانەی کە پێشکەش بە گەلانی ناوچەکەیان کرد دیارن. ئەوەش دەریدەخات کە گەل لە رێگەی ئیسلامەوە زوو کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئەم خاکە پێویستی بە ئاشتی، دادپەروەری و ماف هەیە. دەبێت ئەم خاکە لە شەڕ رزگار بکرێت. نابێت ئێمە پەرستسی معاویە و یەزید بکەین. ئەو ئایینەی کە ئێمە لەسەری پەروەردەکراوین فێرمان دەکات کە دەبێت پەرستش بۆ ئەوانە نەکەین. لەبەرامبەر دیکتاتۆرەکان سەردانەنەوێنین، وەک گەلێک کە مافەکانمان زەوت کراون، کۆمەڵکوژیمان بەسەردا هاتووە و لە هەموو روویەکەوە دان بە بوونماندا نانرێت، ئێمە بەرامبەر داگیرکەران سەردانانەوێنین".
هـ . ب