لە چەند شارێکی ئەوروپا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرا

لە چەند شارێکی ئەڵمانیا و فەرەنسا و سویسرا و بەلژیکا و یۆنان، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار کرا.

لە شارەکانی مانهایمی ئەڵمانیا و بروکسلی بەلژیکا و بێلیزۆنای سویسرا و ڕێنی فەرەنسا و ئەسینای یۆنان، کوردستانیان و دۆستەکانیان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە.

لە مانهایم، چالاکوانان ٨ شەهیدی هێرشەکانیان بیرهێنایەوە و بەردەوام درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بکوژ ئەردۆگان"یان بەرزکردەوە و بڵاوکراوەیان دابەشکرد.

لە برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا، چالاکوانان ئاڵای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و یەپەگە و یەپەژە و وێنەی شەهیدانی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بەرزکردەوە. لە ڕاگەیاندراوێکدا، بانگەواز لە ڕای گشتی کرا، بەرامبەر تاوانەکانی شەڕی ئەردۆگان بێدەنگ نەبن.

لە شاری بێلیزۆنای سویسرا، کوردستانیان و دۆستەکانیان دژی هێرشەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی، دووپاتیان کردەوە، تاوەکو سیاسەتی قڕکردن لەسەر گەلی کورد کۆتایی نەیەت، درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.

لە شاری ڕێنی فەرەنسا، بۆ پشتگیری بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک چالاکییەک ئەنجامدرا، درووشمەکان بۆ ستایشی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و شەرمەزارکردنی هێرشەکان بەرزکرانەوە و بڵاوکراوەکان دابەشکران.

کوردستانیان لە ئەسینای پایتەختی یۆنان لەبەردەم باڵیۆزخانەی دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە، پاش ڕێگرییەکانی پۆلیس، دەستیان بە ڕێپێوان کرد. لە چالاکییەکەدا ڕێگرییەکانی حکومەتی یۆنان شەرمەزارکرا، دووپاتکرایەوە تاوەکو هێرشەکان بەردەوام بن وەک گەلی کورد لە گۆڕەپانەکان دەمێننەوە.