لە دارمشتاد گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا

دەیان کوردستانی لە سەرمایەکی سەختدا کۆبوونەوە و گوتیان "دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەست لەسەر ڕۆژئاوا هەڵبگرە".

لە شاری دارمشتادی ئەڵمانیا بۆ پشتیگیری لە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە ڕووبەڕووی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەبنەوە، گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا. دەیان کوردستانی سەرەڕای کەشوهەوای ساردی شارەکە کۆبوونەوە، سەرەتا خولەکێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادی کوردستان بەڕێوەچوو.

پاشان لەسەر ناوی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی دارمشتاد قسە کرا، ئاماژە بەوە کرا دەوڵەتی تورک بە پێشەنگایەتی ئەردۆگان بۆتە دەوڵەتی مافیا و چەتەکان، بە وێرانکردنی شوێنی سڤیل و وێستگەی کارەبا و ئاو و نەوت و نەخۆشخانە و قوتابخانە و کۆگای خواردنی هەرێمەکە، هەوڵ دەدات باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چۆڵ بکای، وەک گەلی کورد ئێمە ڕۆژئاوا دەپارێزین.

لە گردبوونەوەکەدا درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "شەهید نامرن" و " دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەست لەسەر ڕۆژئاوا هەڵبگرە" بەرزکرایەوە، بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی مەزنی ١٧ ی شوبات لە کۆڵن بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.