لە دویسبۆرگ چالاکی ستاند و ناردنی کارت بۆ ئیمراڵی

سەرەڕای دوو هەوڵی پرۆڤۆکاسیۆنی فاشیستانی تورک، کوردستانیان لەڕێگەی ئەو ستاندەی لە دویسبۆرگ دایاننا، گەیشتنە ئامانجی چالاکییەکەیان.

لە شاری دویسبۆرگی ئەڵمانیا بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکی دانانی ستاند ئەنجامدرا.

ستاندەکە لەلایەن مەجلیسی ژنانی ئاسیا یوکسەلی دویسبۆرگ ڕێکخرا.

لە چالاکییەکەدا تیشکخرایە سەر گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێگری لە چاوپێکەوتنی بنەماڵە و پارێزەرانی.

هەروەها سەدان بڵاوکراوە دابەشکران و بانگەواز لە گەلی کورد و دۆستەکانیان کرا بەشداربن لە ڕێپێوانی مەزن بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد کە ١٧ ی شوبات لە کۆڵن ئەنجام دەدرێت.

هەرچەند فاشیستانی تورک ٢ جار هەوڵیاندا پرۆڤۆکاسیۆن و هێرش بکەن، بەڵام لەلایەن گەنجانی کوردەوە دوورخرانەوە.

پاش ئەوەی چالاکییە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات، دەیان کارت نێردران بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.