لە هامبورگ و کۆپنهاگ چالاکیی "١٠٠ هۆکار"

ژنانی کورد لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا و شاری کۆپنهاگی پایتەختی دانیمارک بۆ دادگایکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوەیان بەڕێوەبرد.

لە چوارچێوەی کەمپەینی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر"، کە لەلایەن بزووتنەوەى ژنانی کورد (تەژا) بەڕێوەدەبرێت، لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا ستاند دانرا و سەدان ئیمزا بۆ ئەو کەمپەینە کۆکرایەوە.

ئەو چالاکییە لەلایەن پێکهاتەکانی ئەنجومەنی ژنانی رۆژبین لە هامبورگ لە گەڕەکی ئاڵتۆنا رێکخرا و داواکرا، ئەردۆغان لە دادگای نێونەتەوەیی دادگایی بکرێت. هەروەها زیندانیکردنی لەیلای گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە)یان ئیدانە کرد.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکرا. ئانجا فلاچ داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و نووسەر لە چالاکییەکەیدا وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، هەموو داواکانی بەرگریکردن لە لەیلا گیوڤەن و داواکانی ئازادکردنی گیوڤەن، داوای ئەوانیشە و وتی، "بەرخودانی لەیلا گیوڤەن نمونەیە بۆ هەموو ژنانی شۆڕشگێڕی جیهان".

هاوکات لە شاری کۆپنهاگی پایتەختی دانیمارک بۆ هەمان مەبەست لەلایەن ئەنجومەنی ژنانی سێڤێ-ەوە چالاکییەک رێکخرا.

چالاکییەکە لە چوارچێوەی کەمپەینی ئیمزاکۆکردنەوەدا بەڕێوەچوو و تیایدا داوا کرا، لەیلا گیوڤەن و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن.

ئەنجوومەنی ژنانی سێڤێ داوایان لە هەموو کۆمەڵگەى نێونەتوەیی کرد، کە هۆشیار و هەستیار بن و بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی و دادگایکردنی دیکتاتۆر دەستبەکار بن.

ژ.ت