لە هانۆڤەری ئەڵمانیا چالاکیی چادرهەڵدان بۆ شەنگال دەستیپێکرد

بۆ قبوڵکردن و داننان بە پێگەى بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری شەنگال دا لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا چالاکیی چادر هەڵدان بۆ ماوەى ٢ هەفتە دەستیپێکرد.

چالاکییەکە لە گۆڕەپانی ستینتۆری هانۆڤەر دەستیپێکردووە و تاوەکو ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بەردەوام دەبێت و هەموو رۆژێک لە نێوان کاتژمێر ١٣ بۆ ١٥ چالاکییەکە بەڕێوەدەچێت.

لە چالاکییەکەدا جەرجور جەمیل بە ناوی دەستەى هەماهەنگیی ئێزدییەکان لە ئەوروپا، یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەروپا، تاهیر کۆچەر هاوسەرۆکی کۆنفیدراسیۆنى مەد (کۆن مەد - KON-MED)، بەسێ و ئامارا بە ناوی ئەنجوومەنی ژنانی ئێزدی، دەمیر چەلیک بە ناوی فیدراسیۆنی عەلەوییەکان وتەیان پێشکەش کرد.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندرا، ئەو کەسانەى لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا رێگایان بۆ جینۆساید و کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان کردەوە، ئێستا لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا رێککەوتن ئەنجام دەدەن و ئەو رێککەوتنەش لەسەر داوای رژێمی ئاکەپە ئەنجامدراوە.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندرا، "شەنگال بە مانای مێژووی کوردانە. خاوەنداریکردن لە شەنگال بە مانای خاوەنداریکردنە لە مێژووی کوردان. ئەو بەرخودانە کۆتایی بە خیانەت دەهێنێت".

ژ.ت