وتاری دەستپێکردنی کۆنگرە لەلایەن شێخ ڕەحیم ساعدی سەرۆک هۆزی ساعدییەوە پێشکەشکرا و وتی: برایەتی کورد و عەرەب هەنگاوێکی گرنگە، ئەم کۆنگرەیە بەرزدەنرخێنین کە تەواوی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی عێراق تێیدا بەشدارییان کردووە، هەموو ئەو هەوڵانە ئیدانە دەکەم کە ئەم پێکهاتە و نەتەوە جیاوازانە لە عێراق لە یەک جیادەکاتەوە، ئەو تاوانانەی کە لە عێراقدا لە رابردوودا ڕوویانداوە بەهۆی دەمارگیری نەتەوەیی و مەزهەبی ئەنجامی کۆنەپارێزی و شۆڤێنییەتە و ئێمە ئیدانەی دەکەین، یەکێتی نهێنی سەرکەوتنمانە، نابێت هیچ نەتەوەیەک لە عێراقدا بخرێتە پەراوێزەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: کاتی ئەوە هاتووە لەبری قسەکردن بە پراکتیکی هەنگاو بنێین بۆ یەکێتی لە نیوان گەلانی عێراق، پێویستە گەل ئەو کەسانە بکاتە پێشەنگی خۆی کە دڵسۆزە بۆ مافەکانی گەل، ئەمە تاکە چەکە، کە بتوانین پێی ڕووبەڕووی دوژمن ببینەوە لە ناوخۆ و لە دەرەوەش، ئەمانگەیەنێتە ئەنجامێکی گرنگ کە ناوەڕۆکەکەی دیموکراسییە، دەمانەوێت گەنج پێشەنگ بێت بۆسەرکەوتنی کۆمەڵگای عێراقی.
دواتر لەلایەن هەریەک لە د.ڕەعد ڕەفعەد بە ناوی دەزەگای ستاندەر، ماهر فەیلی بە ناوی کۆمەڵەی ئازادی بۆ کوردانی فەیلیی عێراق، د.حەکیم عەبدولکەریم بە ناوی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسیی ، شەمسە نەجار ئێزیدی بە ناوی ڕێکخراوی مرۆیی ڕۆڵەکانی شەنگال، وتاری خۆیان لەسەر کۆنفرانسەکە پێشکەشکرد.
هەموویان جەختییان لەسەر گرنگی و پێویستی پێکەوەژیانی گەلان و کۆمەڵگای دیموکراتیک کردەوە، بەتایبەتی لە عێراقدا لە نێوان کورد و عەرەب، هەروەها ئاماژەیان بەوەدا:ئەبێت لە دژی هەموو ئەو پلانگێڕییانە بوەستینەوە کە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق هەیە، هەتاکوو دانوستان و دیالۆگ هەبێت لەنێوانمان هەموو ڕەگەزپەرستی و دەمارگیرییەک ڕەتدەکەینەوە، ئەم دیالۆگە گرنگە بۆ ئەوەی کە هاولاتییانی عێراق جەخت لە ئاشتی و دیموکراسیی بکەنەوە.
ژ.ت