لە کەرتی غەززە شەڕێکی قورس ڕوودەدات
لە ٦٣هەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، تەقینەوەی گەورە لە شارە گەورەکانی کەرتی غەززە و دەوروبەری ڕوودەدات. باشووری لوبنانیش بە چڕی بۆردومان کرا.
لە ٦٣هەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، تەقینەوەی گەورە لە شارە گەورەکانی کەرتی غەززە و دەوروبەری ڕوودەدات. باشووری لوبنانیش بە چڕی بۆردومان کرا.
شەڕەکە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکرد و هەتا ئەمڕۆ ٦٣ ڕۆژە بەردەوامی هەیە. وەزارەتی تەندروستی بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی پێنجشەممە ئامارەکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا ١٧ هەزار و ١٧٧ کەس لە غەززە کوژراون کە ٧٠ لە سەدی کوژراوەکان ژن و منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵن.
ڕاگەیاندراوە کە سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی لە گەورەترین شارەکانی کەرتی غەززە و دەوروبەری شەڕ ڕوویداوە.
وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی نزیک شاری غەززە ٤٠ کەس کوژراون و"دەیان کەس" لە جەبەلیە و خان یونس لە باشووری هەرێمەکەوە کوژراون.
91 سەربازی ئیسرائیلی کوژران
بەپێی دوایین ئاماری سوپای ئیسرائیل، 91 سەربازی ئیسرائیلی لە شەڕی غەززە کوژراون کە لەنێویاندا کوڕی گادی ئەیزنکۆتی ئەندامی کابینەی شەڕی بنیامین نەتانیاهۆ هەیە.
باشووری لوبنان بە چڕی بۆردومان کراوە
بەگوێرەی میدیاکانی لوبنان، شەوی پێنجشەممە باشووری ئەو وڵاتە بە چڕی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە. لە گوندی مەجدەل زون لە ئیسرائیل هێرش کرایە سەر ماڵێک، کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
لیوای قودس، کە باڵی سەربازی جیهادی ئیسلامی فەلەستینە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ٢ لە شەڕکەریان لە باشووری لوبنان کوژراون.