خۆپیشاندانەکە لە لایەن کۆڵەکتیڤی (ژن، ژیان، ئازادی) ڕێکخرابوو، بەبەشداری هەریەک لە کەژار و ماڵی گەل لە بەریتانیا و کۆنگرەی جڤاکی ئازاد و تەڤگەری ئازادی لە بەریتانیا و پەژاک و پارتی بەلوج و ژنانی ئەنتەرناسیۆناڵ و کۆمەڵێک کەسایەتی ئازادیخواز لەسەرجەم گەلانی ئێران.
دەستپێکی چالاکییەکە لەبەردەم کەناڵی (بی. بی. سی.) لە شاری لەندەن بەسرودی نیشتیمانی ئەی رەقیب دەستی پێ کرد، دواتر بەدروشم و ڕاگەیاندراوی جیاواز بەشەقامەکانی لەندەندا بە ئاڵای کۆماری کوردستانی سەردەمی مەهاباد و هەروەها ئاڵای بەلوجستان و کەژار و گەنجانی وڵاتپارێز و وێنەی شەهید ساکینەجانسز و بەنەری گەورەی ژینا ئەمینی شەقامەکانی لەندەنیان رازاندبووەوە.
چالاکیەکە تا سەنتەری لەندەن بەردەوام بوو، بەدروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆرییەت"، "بڕوخێ ڕژێمی کۆماری پەت و سێدارەی ئێران"، "بژی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی رێبەر ئاپۆ"، دوای دوو کاتژمێر چالاکییەکە بەکۆتا هات.