لە لەندەن شەهیدان یادکرانەوە: ڕێگەی شەهیدانمان بەرنادەین

لە لەندەن بۆ ئەو گەریلایانەی لە ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە زاپ و خواکوڕک شەهیدبوون، مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو، گوترا: "شەهیدان میراتێکی شکۆمەندیان جێهێشت، ڕێگەکەیان بەرنادەین".

گەریلاکانی ئازادی هەڵمەت شاهین و مەمیان ئارمانج و وڵات سەرحەد و حوسەین ئازاد لە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی سەرکەوتووی ٢٣ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ دژی سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمەکانی خواکوڕک و شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا یادکرانەوە.

مەراسیمەکە بە بەشداری کوردستانیان لە ناوەندی جڤاکی کوردستان پێکهات. وێنەی شەهیدان دانران و لەدەوری وێنەکان مۆم داگیرسێنرا.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان و بەرزکردنەوەی درووشمەکانی "شەهید نامرن" و "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەستی پێ کرد.

پاشان سینڤزیۆنێک دەربارەی شەهیدان شاهین و ئارمانج و سەرحەد پیشاندرا.

هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی کوردی بەریتانیا، ئاسۆ کەمال ئاماژەی کرد بە بەرخۆدانی گەریلا بەرامبەر هێرشەکان و گوتی: "گەریلا ئەوە ٤٠ ساڵە مێژووی شکۆداری کورد و کوردستان دەنووسێتەوە. هەرگیز هاوڕێ و شەهیدانمان لەبیرناکەین، کە جەستەی خۆیان کردە قەڵغان بۆ کوردستانێکی ئازاد". پاشان جەختی کردەوە پێویستە هەموومان شایستەی تێکۆشانی شەهیدان بین.

نوێنەری کەجەدەکە-باشوور، هەڤاڵ شڤان ڕایگەیاند شەهیدان بە ژیان و بەرخۆدان و خەونەکانیان ئایندەیەکی شکۆداریان پێشکەشی گەلانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین کرد، گوتی:ئەم شۆڕشە، شۆڕشی ژن ژیان ئازادیە، شۆڕشی مرۆڤایەتییە. تاوەکو شایستەی بەرخۆدانی شکۆداری مێژوویی بین، دەبێت دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و هێڵی هاوکاری خیانەتکار، تێکۆشانێکی مەزنتر بکەین. شەهیدان میراتێکی شکۆمەندیان بۆ جێهێشتووین، بۆ ژیانێکی شکۆمەند، ڕێگەی شەهیدانمان بەرنادەین".

لە مەجلیسی گەلی کورد، ئەرجان ئاکبال ڕایگەیاند ئەگەر لە قۆناغی نکۆڵی لە هەبوونەوە گەیشتووین بە قۆناغی ئازادی ئەوە لەسایەی شەهیدان بووە. هەموو کوردێک بە شوێنکەوتنی ڕێگەی شەهیدان دەگاتە ئازادی و ژیانێکی شکۆدار.

لەسەر ناوی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی ئینگلتەرا ئاماژە بەوە کرا بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دژی مۆدێرنیتەی داگیرکەر و سەرمایەدار، مێژووییەکی شکۆداری ئازادی نوسراوەتەوە و پێویستە گەنجان لەسەر ڕێگەی تێکۆشانی ئازاد بڕۆن و خەونی شەهیدانی ئازادی بەدی بهێنن.

یادەکە بە بەرزکردنەوەی درووشمی "شەهید نامرن" و هەلهەلە کۆتایی هات.