کۆمەڵەی کولتوریی کرێکارانی کۆچبەری تورکیا (ئاکتیت / ACTÎT) کە لە ژێر چەتری کۆنفیدراسیۆنی کۆچبەرانی چەوساوە لە ئەوروپا (AVEG-KON)دایە و لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کار دەکات، چادرێکی چالاکیی بۆ شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و ڕۆژئاوای کوردستان دانا.
چالاکییەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە ڕۆژی یەکەمدا ئەندامانی ئاکتیت لە ناوچەی چاتلیت کۆبوونەوە و لەبارەی چالاکییەکەیانەوە نووسراو و نامیلکەیان بەسەر کۆچبەران و خەڵکی فەڕەنسادا دابەش کرد.
نوێنەرانی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە فەرەنسا (جەدەکە فەرەنسا / CDK-F) و یەکێتیى کۆچبەرانی زەحمەتکێش لە ئەروپا (AGEB) و کۆمیتەى جۆرج عەبدوڵاش پشتگیریان لە چالاکییەکە کرد.
چالاکوانان باسیان لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) کرد و ڕایانگەیاند، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئینگلتەرا بە ڕەزامەندییان لەسەر ئەو شەڕە بوونەتە هاوبەشی ئەردۆغان و تاوانەکانی شەڕ.
لە چالاکییەکەدا داوا لە گەلان کرا پشتیوانی لە گەلی کورد و بەرخۆدانی سۆسیالیستەکان بکەن.
ژ.ت