لە سەنگەری چەتەکاندا گوێنی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی تورک دەبیندرێت

دەم پارتی پرسی بوونی گوێنێ دەزگای دۆخی لەناکاو و فریاگوزاری خێرای دەوڵەتی تورک (ئافاد) لە ناو سەنگەری چەتەکانی بەناو سوپای سوریای ئازاد، دەباتە پەرلەمان.

بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە لە سەنگەری گروپێکی میلیشیایی بە ناوی سوپای سوریای ئازاد کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دامەزراوە و لە چەند ناوچەیەکی داگیرکراوی باکوور و باکووری رۆژهڵاتی سوریا جێگیرکراون، گوێنی دەزگای ئافاد بوونی هەیە. سەبارەت بەو بابەتە پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) نەورۆز ئویسال لە ١٢ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر داوای کرد وەزیری ناوخۆ عەلی یورەکلی روونکردنەوە بدات. لە بری یورەکلی سەرۆکایەتی دەزگای رووبەڕوونەوەی دۆخی لەناکاو و فریاگوزاری خێرا (ئافاد) وەڵامی دایەوە.

ئافاد لە وەڵامەکەیدا باسی لەوەکردبوو، "بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستی خەڵکی مەدەنی لە باکووری سوریا ١٠٠ هەزار تۆن ئاردیان رەوانەی ئەو ناوچانە کردووە و لە رێگەی ئەو ئەنجومەنانەی ئەو شوێنانە بەڕێوەدەبەن ئاردەکەیان دابەشکردووە و لەو پرۆسەدا ئافاد تەنیا رۆڵی سەرپەرشتیکردنی لە ئەستۆ بووە".

لەسەر ئەو وەڵامە ئەمجارەیان نەورۆز ئویسال و بێریتان گونەش پەرلەمانتارانی دەم پارتی سەرلەنوێ بابەتەکەیان خستووەتەوە رۆژەڤی پەرلەمان و لە یاداشتێکدا چەند پرسیارێکیان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە بەم جۆرەن:

"*ئەو ئەنجومەنانەی باس کراون لەلایەن کێوە دامەزراون و لە کێ پێکدێن؟

*ئەو ئەنجومەنانە بە هەڵبژاردنی دیموکراتیک هەڵبژێردراون یاخود داندراون؟

* ١٠٠ هەزار تۆن ئارد لە کوێوە دابین کراوە؟

*ئەگەر ئافاد تەنیا رۆڵی سەرپەرشتی هەبووە بۆ چی لە سەر گوێنیەکان ناوی ئافاد نوسراوە؟

*ئایا لەکاتی دابینکردن و رادەستکردنی ئاردەکەدا ئافاد هیچ پسوڵە و نوسراوێکی فەرمی وەرگرتوە؟ هیچ پسوڵەیەکی لەو ئەنجومەنانە وەرگرتووە؟

* ئەو گوێنیانە کێ رادەستی جیهادیست، چەتە یاخود کەسانی دیکەی کردووە؟ ئەو کەلوپەلە چۆن گەیشتوونەتە بەر دەستی ئەوان؟ ئایا وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بەو دیمەنانە هیچ لێپرسینەوەیەکی دەستپێکردووە؟ ئایا ئێوە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە؟"

هـ . ب