لە ئاراوی سویسرا یادی مەرەش و رۆبۆسکی کرایەوە

لە شاری ئاراوی سویسرا بە رێکخستنی چالاکییەک یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک لە مەرەش و رۆبۆسکی کرایەوە.

لەسەر داوای ئەنجوومەنی ژنانی رۆژبین لە گۆڕەپانی باهنهۆفپلاتز چالاکییەک رێکخرا. لە چالاکییەکەدا پۆستەر و لافیتە بەرزکرانەوە، کە لە سەریان نووسرابوو "ئەوانە دەناسین، کە لە مەرەشەوە تاوەکو رۆبۆسکی کوشتارییان ئەنجامداوە، ئێمە لە بیری ناکەین" و "لەیلا گیۆڤەن شکۆمانە".

چالاکییەکە بە خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکان دەستیپێکرد. لە چالاکییەکەدا بە بەردەوامی لە دژی هێرشە پاکتاوکەرییەکان بۆ سەر ئیرادەی گەلی کورد و کۆمەڵکوژییەکانی رژێمی تورک دروشم دەوترانەوە.

چالاکوانێکی ئەنجومەنی ژنانی رۆژبین وتەەیەکی پێشکەشکرد و وتی، "فاشیزمی دەوڵەتی تورک دوێنێ لە مەرەش و رۆبۆسکی هێرشی کردە سەر گەلی کورد، ئەمڕۆ بە هێرشکردنە سەر ئیرادەی گەلی کورد دەیەوێت، رۆح و ئیرادە و ورەی بەرخودانی گەلی کورد لە ناو ببات. ئێمە لە دژی ئەو ھێرشانە بۆ سەر لەیلا گیوڤەن و ژنانی تێکۆشەر و ئیرادە و ورەی گەلی کورد، لە گۆڕەپانەکاندا دەمێنینەوە و درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین".

عەلی شیمشەک هاوسەرۆکی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە سویسرا (CDK-S) لە چالاکییەکەدا رایگەیاند، "فاشیزمی دەوڵەتی تورک پشتبەستووە بە کۆمەڵکوژکردنی کورد و عەلەوی. کۆمەڵکوژکردنی گەلانی خاوەن مێژوو لە مەرەش و رۆبۆسکی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، کۆمەڵکوژکاربوونی ئەو رژێمەى خستەڕوو. هەروەها ئەمڕۆ فاشیزمی تورک ئیرادە و ورەی کوردی کردووەتە ئامانج و بە زیندانیکردنی لەیلا گیوڤەن دەیەوێت ئیرادە و ورەی کورد تێکبشکێنێت".

شیمشەک لە وتەکانیدا باسی ئەوەشیکرد "تێکۆشانی مافدارانە و رەوامان لە دژی هێرشە پاکتاوکارییەکان و کۆمەڵکوژییەکان بەردەوامییان دەبێت، کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژنان و منداڵاندا ناکات و لە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەچن. لە هەر شوێنێک دا بین ئێمە رووی کوشتار و کۆمەڵکوژکاربوونی دەوڵەتی تورک ئاشکرا و ریسوا دەکەین".

ژ.ت