لە ئێران ٤ زیندانیکراوی تر لەسێدارە دران
دەسەڵاتی ئێران لەنێوان ١٣ و ١٥ ی ئابدا لە زیندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٤ زیندانیکراوی لەسێدارەدا کە ٣ کەسیان کوردن.
دەسەڵاتی ئێران لەنێوان ١٣ و ١٥ ی ئابدا لە زیندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٤ زیندانیکراوی لەسێدارەدا کە ٣ کەسیان کوردن.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند لەنێوان ١٣ و ١٥ ی ئابدا دەسەڵاتی ئێران بە تۆمەتی جیاواز ٤ زیندانیکراوی لە زیندانەکانی کەرەج و سنە و سەبزاوەر لەسێدارەداوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، یەک لە زیندانیەکان ناوی پەیمان ئەڵاوەیسی (٣٧ ساڵ) خەڵکی سنەیە و ٥ ساڵە لە زیندانە و لە زیندانی سنە لەسێدارەدراوە. زیندانییەکی تر بە ناوی ناسر شەفیعی کە خەڵکی شاری تیکابە و ٥ ساڵە لە زیندانە، لە زیندانی کەرەج لەسێدارەدراوە.
زیندانیەکی تر بە ناوی سەعید نیازی خەڵکی لۆڕستانە و چوار ساڵە لە زیندانی کەرەج گیراوە، لە هەمان زیندان لەسێدارە دراوە.
هەروەها زیندانییەک بە ناوی ڕەزا زەردکوهی خەڵکی گوندی زەردکوهی سەر بە شاری سەبزاوەری خۆراسانە و چەند ساڵێکە گیراوە، لە زیندانی سەبزاوەر لەسێدارەدراوە.
جێگەی بیرخستنەوەیە لە سەری ساڵەوە تا ئێستا دەیان کەس لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون. سەدان کەسیش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. زۆربەیان بە تۆمەتی سیاسی و سیناریۆی دەسەڵات سزا دەدرێن.