چالاکیەکانی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە ٧٤ ناوەندی جیهانیەوە دەستیپێکرد، تائێستا بە شێوە و چالاکی جیاجیا لە سەرتاسەری جیهان بەردەوامە.
لەو چوارچێوەدا بە پێشەنگایەتی خوێندکارانی زانکۆی شێفیڵد و دۆستانی کورد و ئینەرناسیۆنال، رۆژی شەممە لە زانکۆی شێفیڵد لە بەریتانیا بە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی داوای ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا .
لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا خوێندکارانی کورد و ئینتر ناسیۆناڵیست باسیان لە کەسایەتی، تێکۆشان، ئەندێشە و پاڕادایمی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و هەڵسەنگاندن بۆ کتێبەکانی کرا.
لە وتەی بەشداربوواندا ئاماژە بەوەکرا کە ئەندێشە و پاڕادایمی عەبدوڵا ئۆجالان چ کاریگەرییەکی لە ئاشتی و داهاتووی مرۆڤایەتی هەیە.
هەروەها جەخت کرایەوە کە عەبدوڵا ئۆجالان تەنیا رێبەری گەلی کورد نییە، بەڵکوو پێشەنگ و رێبەرێکی جیهانییە و پێویستە نەک هەر کورد، بەڵکوو هەموو مرۆڤایەتی خاوەنداری لێبکەن و لەو چوارچێوەشدا ئەندێشەکانی لەبارەی ئازادی ژنەوە زیاتر تێشکیان خرایە سەر، کە لەئێستادا بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
لە کۆتاییدا خوێندکاران داوای ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.
هـ . ب