"لەبەرئەوەی یەکێتیی نەتەوەیی کوردان نییە، ناتوانن موخاتەبەی جیهان بکەن"

پرۆفیسۆر حامید بۆزئارسەلان لە کۆنفرانسی بەرلین قسەی کرد، ڕایگەیاند کورد لەبەرئەوەی لە وڵاتەی لێی دەژین ستەمیان لێ دەکرێت هاوکاری دەوڵەتانی تریان کردووە، گوتی: "لەبەرئەوەی یەکێتی نەتەوەیی کوردان نییە، ناتوانن موخاتەبەی جیهان بکەن".

کۆنفرانسی "بیرکردنەوە لە جیهانی نوێ: کێشەکان، گۆڕانکارییەکان، دیدگای کورد" کە لەلایەن کورد-ئاکاد و جڤاکی ئازاد لە بەرلین ڕێکخراوە، بە بەشداری ئەندامی فاکەڵتی زانکۆی (EHESS) مێژووناس و پسپۆڕی سیاسی، پرۆفیسۆر حامید بۆزئارسەلان وانەیەکی بە ناونیشانی "سیستەمی جیهان: لە ڕەوشی هەنوکەوە بەرەو دەسپێکێکی نوێ" پێشکەش کرد.

پرۆفیسۆر حامید تیشکی خستەسەر ئەوەی ئەم سیستەمەی جیهان هاوشێوەی ساڵی سییەکانە، ئەودەم ڕژێمی کەمالیست لەسەر قڕکردنی ئەرمەنییەکان خۆی دامەزراند، بەڵام بەهۆی گەشەسەندنی فاشیزم ئەم ڕژێمە لە جیهاندا قبووڵکرا و چاوپۆشی لە تاوانەکانی کرا.

پرۆفیسۆر حامید بۆزئارسەلان ڕایگەیاند ئێستە تورکیا و ئێران و ڕوسیا بوونەتە مافیا، میلیشیا و چەتە و بزووتنەوەی جیهادیی گرێدراوی خۆیان هەیە، لە تورکیا چەتەیەک هەیە و ئابووری تورکیا بەرەو وێرانە دەچێت، ڕوسیا گوتی شەڕەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵام ئەوە ٧٠٠ ڕۆژە شەڕ بەردەوامە، لە ئێران ١٦ ملیار دۆلار بۆ سوپا تەرخان دەکات، بەڵام جڤاک لە زیان و نەهامەتی دەژی.

بۆزئارسەلان باسی لەوە کرد لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانیەکان دەبێت دیدگای کورد چۆن بێت، گوتی: "ئەگەر بایدن لەسەر دەسەڵات بمێنێ، دەتوانێت ڕۆڵی پارێزەر بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و باشوور بگێڕێت، هەروەها ڕوسیا و ئێران نایانەوێت تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین باڵادەست بێت. کورد لەگەڵ دەوڵەتانی تر هاوکاری دەکات چونکە لەو وڵاتانەی لێی دەژین ڕووبەڕووی ستەم و ناهەقی دەبنەوە. لەنێو کوردان یەکێتی نەتەوەیی نییە، بەتایبەت لە عێراق. هێزە سەرەکییەکانی کورد ناتوانن لەنێو خۆیان هاوکاری بکەن. کوردانی ڕۆژئاوا و باشور ناتوانن هاوکاری بکەن. لە ئێرانیش هەروەها. تەڤگەری ژن ژیان ئازادی نەیتوانی لەگەڵ پارچەکانی تر پەیوەندی دابنێت. لەبەرئەوەی کوردان ناتوانن لەدەوری یەکدی کۆببنەوە، ناتوانن بە دەنگێکی هاوبەش موخاتەبەی جیهان بکەن".