مانگی سوری کوردستان هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ژاپۆنی کرد

ڕێکخراوی هاوکاری مرۆیی مانگی سوری کوردستان بە هاوکاری پیشەوەرانی کورد لە ژاپۆن، هاوکارییەکانی وەک خواردنی گەرم و شتومەک گەیاندە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی شاری سۆزۆ لە نیمچە دوورگەی نۆتۆی.

لە ١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە شاری سۆزۆ لە نیمچە دوورگەی نۆتۆی ژاپۆن بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧ پلە ڕوویدا و ٢٤١ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢٨٦ برینداربوون و ١٩ کەس بێسەروشوێن بوون.

پارێزگای ئیشیکاوای ڕایگەیاندبوو لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە ١٢ هەزار و ٤٤٣ باڵەخانە زیانیان پێگەیشتووە و زیاتر لە ١٩ هەزار کەس لە ناوەندەکانی گواستنەوە دەمێننەوە.

مانگی سوری کوردستان ڕایگەیاند هاوکاری لێقەواماوانیان کردووە.  

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە پاش بوومەلەرزەکەی ١٢ ی کانوونی دووەم، بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ خواردن گەیاندراوەتە ٤٠٠٠ کەس. هەروەها ڕاگەیاندراوە کە ٢٤ و ٢٥ ی شوبات لەماوەی ٢ ڕۆژدا خواردنی گەرم دراوەتە ١٢٠٠ کەس، پێداویستی و شتومەک بەسەر ٢٠٠٠ کەسدا دابەشکراوە.

مانگی سوری کوردستان ڕایگەیاند کە لە ژاپۆن چەند جارێک بوومەلەرزە ڕوویدا و هەردەم هاوکاری لێقەوماوانیان کردووە و ئەمەش وەک ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی دەبینێت.