مەترسی رادەستکردنەوەی پەنابەرێکی سیاسی کورد بە ئێران لە ئارادایە
نەرویژ پەنابەرێکی سیاسی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی گواستووەتەوە بۆ تورکیا و مەترسی هەیە لەوێوە دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە.
نەرویژ پەنابەرێکی سیاسی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی گواستووەتەوە بۆ تورکیا و مەترسی هەیە لەوێوە دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە.
کۆمەڵەی مافی کوردستان لە زاری ئاوات بازیار چالاکوانی سیاسی بڵاویکردووەتەوە، کە نورزاد عەلیمورادی تەمەن ٣٣ ساڵ خەڵکی سەرپێڵی زەهاو کە لە پێکهاتەی یارسانە وەک پەنابەری سیاسی ماوەی هەشت ساڵ بوو لە نەرویژ دەژیا لە کیمی لینای نەرویژەوە بە فرۆکە گواستراوەتەوە بۆ تورکیا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەو پەنابەرە سیاسیە کە ئەندامی یەکێک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، داوای مافی پەنابەریەکەی لە نەرویژ رەتکرابووەوە و دوای گواستنەوەی بۆ تورکیا مەترسی هەیە رادەستی دەوڵەتی ئێران بکرێتەوە.
هەر بە گوێرەی ئەو هەواڵە نورزاد عەلیمواردی لەو کاتەی لە فرۆکەخانەی ئیستەنبوڵ ویستوویانە بیگوازنەوە بۆ فرۆکەیەکی ئێران هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بۆیە بەمەبەستی چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
سەرباری ئەوەی بە هۆی دۆخی تەندروستیەوە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرە لە تورکیاوە بۆ ئێران راگیراوە، بەڵام تائێستاش مەترسی رادەستکردنەوەی بە دەوڵەتی ئێران لەئارادایە.
هـ . ب