نەجدەت ئەریک نزیکەی ٥٠ ڕۆژ پێش ئێستا لە سوێرەگ کارەبای عەمودێکی کارەبای نزیک ماڵەکەىان گرتبووی. بەو هۆیەوە لە جەستەى ئەریک دا برینی گەورە گەورە دروستبوون و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فاکەڵتیی پزیشکی ئامەد. دوای دوو ڕۆژ لەچارەسەرکردن بەهۆی سەختیی بارودۆخییەوە ڕەوانەی زیندانی چام ساکورای باشاکشەهیری ئیستەنبول کرا.
پزیشکەکان چارەسەریان بۆ ئەریک کرد و ناچار بوون قۆڵی چەپی ئەریک ببڕنەوە. کاتێک قۆڵی ئەریک نەشتەرگەریی بڕینەوەى بۆ دەکرا، پۆلیس وتیان، فەرمانی دەستگیرکردنەکەی دەرچووە و لەبەردەم ژووری نەشتەرگەریی نەخۆشخانەدا بۆ دەستگیرکردنی ڕاوەستان. دوای ١٥ ڕۆژ ئەریک گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی لوتفی کردار لە کارتاڵ کرا. لەوێش قۆڵی ڕاستی بڕایەوە.
سەرباری ئەوەى هێشتا ئەریک چارەسەریی وەردەگرت و چاکنەبووبوویەوە، پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە ٢٩ی حوزەیراندا بە ئامبولانس بردیان بۆ دادگا. ئەریک لە دادگای سزاکانی کارتال لە ئانادۆڵ بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ژمارە یەکی جۆری ئێڵ لە ماڵتەپە.
سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتی پزیشکیی هەیە، بەڵام ئازاد نەکرا
ئەریک بۆ ماوەی هەفتەیەک زیندانی کرا و دەستەی تەندروستی نەخۆشخانەی شاری لوتفی کردار لە کارتال ڕایگەیاند، "ئەو نەخۆشە ناتوانێت بەتەنیا بژیت. پێویستی بە یارمەتیی ئەوانی تر هەیە. ئەگەر بگوازرێتەوە بۆ زیندانی جۆری ئاڕ، ئەوا باش دەبێت" و ئەو ڕاپۆرتە ڕەوانەی وەزارەتی دادی تورک کرا.
سەرەڕای ڕاپۆرتی تەندروستی و بە پێچەوانەى داوای لیژنەى پزیشکی، ئەریک دورخرایەوە بۆ زیندانی جۆری ئێم لە مەتریس، کە بارودۆخێکی زۆر قورس لەو گرتوخانەیەدا لە دژی زیندانیان پەیڕەو دەکرێت.
بنەماڵە: ڕایانگرتووە تاوەکو گیان لە دەست بدات!
عابدین ئەریک برای نەجدەت ئەریک دەربارەی دوورخستنەوەى براکەی وتی: "ئەو بەبێ یارمەتیی ئەوانی تر ناتوانێت بژی، چونکە ناتوانێت پێداویستییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. دەبێت کەسێک بە سەرییەوە بێت و ئارەقەی ناوچاوانی بسڕێت. ئێمە لە نەخۆشخانە هەمیشە بەسەرییەوە بووین. بە بەردەوامی تینوو دەبوو و هەندێک جار پێداویستیی تری هەبوو، کە بۆمان جێبەجێ دەکرد. لە ڕووی تەندروستییەوە کێشەى هەیە و سەرباری ئەوەش کێشەی لە پەستانی خوێن دا هەیە.
براکەم تاوانی نییە، بەڵام زیندانیکراوە. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت. ئێمەی بنەماڵەش نازانین چی بکەین. ئەوان براکەمیان لە چاوەڕوانیی گیان لە دەستدان دا ڕاگرتووە. دەیانەوێت بەو ڕاگرتنە گیان لە دەست بدات. با دەنگمان ببیسترێت. وەزارەتی داد بۆ نایەوێت ئەم دۆخە ببینێت؟ ئەمە حاڵەتێکی مرۆییە، ئایا ئەوان ویژدانیان نییە؟".
ژ.ت