نوێنەرانی ئەمریکا داوایان کرد فڕۆکەکانی ئێف - ١٦ بە تورکیا نەفرۆشرێن
١١ نوێنەری دیموکرات و کۆماری لە کۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەکیان بۆ ئیدارەی جۆ بایدن نووسیوە و داوایان کردووە، فرۆشتنی ئێف - ١٦ بە تورکیا رابگێرێت.
١١ نوێنەری دیموکرات و کۆماری لە کۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەکیان بۆ ئیدارەی جۆ بایدن نووسیوە و داوایان کردووە، فرۆشتنی ئێف - ١٦ بە تورکیا رابگێرێت.
نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەکیان ئاراستەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و رایانگەیاند، لەوانەیە تورکیا دوای کڕینی ٤٠ فڕۆکەی جەنگی لۆکهید مارتن ئێف - ١٦ بکڕێت و ٨٠ فڕۆکەی ئێف - ١٦ی نۆژەن بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە، ٤٠ فڕۆکەی جەنگی نوێی ئێف - ١٦ بکڕێت و ٨٠ فڕۆکەی جۆری ئێف - ١٦ ی بۆ نوێ بکاتەوە، کە ئێستا لە دەستی سوپای تورکیادایە.
نوێنەران "نیگەرانیی قووڵیان دەربڕی" و لێدوانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو لەسەر کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی ئێس - ٤٠٠ی نوێ بۆ بیرهێننەوە خستەوە ڕوو.
لە نامەکەدا هاتووە، "هاوپەیمانێکی ناتۆ وەک دوژمن هەڵسوکەوت دەکات. نابێت بە ناردنی فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆ ئەو هاوپەیمانە سازش لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان بکەین".
بەپێی رۆیتەرز، ئەو نامەیە لەلایەن نیکۆل مالیوتاکیس ئەندامی کۆماری و کارۆلین مالۆنی دیموکراتەوە ئامادە کراوە.
ئەمریکا پێشتر بەهۆی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس – ٤٠٠ ەوە تورکیای لە پرۆژەی فڕۆکەی جەنگی ئێف - ٣٥ لابردبوو. پێش ئەوەی دەوڵەتی تورک لەو پڕۆژەیە لاببرێت، دەوڵەتی تورک پلانی کڕینی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگیی ئێف - ٣٥ی بۆخۆی دانابوو.
ژ.ت