پارێزه‌ر بن خه‌لیفه‌: ده‌بێت عه‌بدوڵا ئۆجالان ئازاد بكرێت

به‌مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ٣٥٠ پارێزه‌ر له‌ وڵاتانی جیاجیا داواكارییان پێشكه‌ش كردووه‌. یه‌ك له‌و پارێزه‌رانه‌ بن خه‌لیفه‌ی به‌لجیكی، ره‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی سی پی تی گرت و وتی، "ده‌بێت عه‌بدوڵا ئۆجالان ئازاد بكرێت".

له‌ ٢٢ ولاتی جیهانه‌وه‌ ٣٥٠ پارێزه‌ر له‌ ١٣ی ئه‌یلولدا به‌ مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان كه‌ له‌ زیندانی جۆری ئێف به‌ ئاسایشی باڵای ئیمراڵیی له‌ هه‌لومه‌رجی دژواری گۆشه‌گیریدا راگیراوه‌، داواكارییان پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی دادكرد. یه‌ك له‌و پارێزه‌رانه‌ سه‌لمان بن خه‌لیفه‌ی به‌لجیكیه‌. بن خه‌لیفه‌ له‌باره‌ی گۆشه‌گیری سه‌ر رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و هه‌ڵوێستی كۆمیته‌ی رێگریی له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ (سی پی تی) قسه‌ی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) كرد.

پارێزه‌ر بن خه‌لیفه‌ باسی له‌وه‌كرد، كه‌ ئامانجی ئه‌وان هه‌ڵگرتنی گۆشه‌گیری له‌سه‌ر رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالانه‌ و وتی، "به‌ رای من ئه‌و نمونه‌یه‌كی تاقانه‌ و بێ هاوتایه‌ له‌ جیهاندا".

‘چه‌ندین ملیۆن كه‌س عه‌بدوڵا ئۆجالان به‌ رێبه‌ری خۆیان ده‌زانن‘

بن خه‌لیفه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه‌ دانانی رێبه‌ری گه‌لی كورد وه‌ك "تیرۆریست" له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێ واتایه‌ و به‌م جۆره‌ دوا: "ملیۆنان كه‌س ئه‌و وه‌ك قاره‌مان، وه‌ك رێبه‌ری خۆیان داده‌نێن. ده‌بێت ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرێت، به‌ رێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات. ده‌بێت ئیتر ئازاد بكرێت. نمونه‌ی نێلسۆن ماندێلا هیوا به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت. رژێمی ئاپاڕتایدی نێلسۆن ماندێلای وه‌ك "تیرۆریست" داده‌نا به‌ڵام دواتر ئازاد بوو، بووه‌ سه‌رۆك و خه‌لاتی تۆبڵی ئاشتی وه‌رگرت".

‌ده‌بێت سی پی تی به‌رپرسیارێتی خۆی جێبه‌جێ بكات‌

بن خه‌لیفه‌ ره‌خنه‌ی له‌ بێده‌نگی كۆمیته‌ی رێگری له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا (سی پی تی) گرت به‌رامبه‌ر گۆشه‌گیری دژوار له‌سه‌ر رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و وتی: "سی پی تی له‌ راپۆرتی پێشووی خۆیدا باسی له‌وه‌كرد كه‌ گۆشه‌گیركردنی عه‌بدوڵا ئۆجالان ئه‌شكه‌نجه‌یه‌. دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپا ساڵی ٢٠١٤ له‌ دژی توركیا هه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاند و باسی له‌وه‌كرد، كه‌ گۆشه‌گیری له‌ دژی خاڵی سێهه‌می په‌یماننامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپایه‌. سی پی تی ده‌بێت به‌ هه‌ڵوێستێكی به‌هێزتره‌وه‌ به‌رپرسیارێتی خۆی جێبه‌جێ بكات".

هـ . ب