لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک لە کوردستان و تورکیادا، پێشێلکردنی مافی زیندانییە نەخۆشەکان بەردەوامە. بە گوێرەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە زیندانەکاندا ١٥١٧ زیندانی نەخۆش هەن و ٦٥١ لەو زیندانیانە لە دۆخێکی سەختدایە.
هاووتەبێژی کۆمیسۆنی زیندانیانی ناوەندی ئیهەدە پارێزەر یوسف ئەردۆغان، لە بارەی کێشەکانی زیندانیە نەخۆشەکانەوە بۆ ئاژانسی هەوڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "وەک کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لەو کاتەوەی دروستبووین، هەوڵمانداوە پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە زیندانیانی نەخۆش بسەلمێنین و بیکەین بە ڕاپۆرت. بۆ کۆتایهێنان بە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە زیندانیان کاردەکەین. لەم دواییانەدا کۆمەڵیک کێشە لە زیندانەکاندا زیادیکردوە. زیندانەکان بوونەتە ئەو شوێنەی کە زیندانیکراوەکان گیانی خۆیانی تێدا لەدەست بدەن. لە دژی مافە ژیانییەکانی زیندانیان، کۆمەڵێک پێشێلکردن بە بڕیاڕیی دەستەیی چاودێری بەڕێوەبەری زیندانەکان بەڕێوە دەچێت، وەک گۆشەگیری، دەرمان نەکردنی زیندانیان، ئەشکەنجە و کاری خراپ. هەروەها ئاستەنگ کردنی کاتی بەردانی زیندانیان و مردنی گوماناویی".
زیندانییە نەخۆشەکان گیان لە دەست دەدەن
یوسف باسی لەوەکرد، پەیوەست بە بەردانی زیندانیە نەخۆشەکان، دەزگاکانی سەر بە وەزارەتی دادگا، ڕاپۆرتی زانستی و بابەتی ئامادە ناکات و دەستنیشانیکرد کە زیندانییە نەخۆشەکان بە تایبەت لە بەر هەڵوێستی دەزگای پزیشکی داد ئازادناکرێن.
یوسف ئەوەی بیرهێنایەوە، لە بەر ڕاپۆرتی 'دەتوانێت لە زیندان بمێنێتەوە'ی دەزگای پزیشکی داد، چەندین زیندانی نەخۆش گیانیان لەدەستداوە و وتی: " دەزگای پزیشکی داد، بە تایبەت پەیوەست بە بەردانی زیندانیانی نەخۆش بوەتە تاکە شوێنی بڕیاڕدان، و هۆکارێکی گەورەی ئاستەنگکردنی ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش و سیاسەتمەدارانە. ئەمەش بوەتە هۆکاری ئەوەی چەندین زیندانی نەخۆش گیان لەدەست بدەن".
لە کۆتاییدا یوسف ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە دەوڵەت، ئاستەنگەکانی بەردەم، بەردانی زیندانییە نەخۆشەکان پێکڕا لابەرێت، دەزگای پزیشکی داد نەکرێتە تاکە شوێنی بڕیاڕدان و داوایکرد زیندانیانە نەخۆشەکان بەبێ بەند و مەرج ئازاد بکرێن.