پارێزەران جارێکیتر بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد سەردانی بەرپرسانیان کرد

هەر چەندە پاساوی 'قەدەغەی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران' کۆتایی پێهاتووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە نییە و پارێزەرانیش ئەمڕۆ داواکارییەکی تریان بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن پێشکەشی بەرپرسانی زیندانی ئیمراڵی کردووە.

ماوەی ساڵێکە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەست نەگەیشتووە، کە لە زیندانی جۆری ئێفی ئەمنیی ئاستبەرزی ئیمرالی دایە. ئۆجالان دوایین جار لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١دا بە تەلەفون قسەی لەگەڵ محەمەد ئۆجەلانی برایدا کردبوو،  بەڵام لە کاتی قسەکردندا پەیوەندییەکان پچڕێنرابوو. ئۆجەلان دوایین جار لە ٧ی ئابی ٢٠١٩دا چاوی بە پارێزەرەکانی کەوت.

هەموو داواکان بۆ چاوپێکەوتن لە دوای ئەو بەروارانە لەلایەن داواکاری گشتییەوە وەڵامیان نەدراوەتەوە و هۆکاری زۆربەى هەرە زۆری ڕەتکردنەوەى چاوپێکەوتنەکان بۆ پاساوی سزای دیسپلین دەگەڕێتەوە. لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، پارێزەرانی نووسینگەی یاسای سەدە، داوای "چاوپێکەوتنی بەپەلەیان" لە دادگای بورسا کردبوو، بۆ ئەنجامدانی دیداری بەپەلە لەگەڵ ئوجالان، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش. پارێزەران لە داواکارییەکەیاندا داوایان کردووە، دەبێت ئەم دۆخی کەمیی زانیارییە کۆتایی پێبێت و لەگەڵ موەکیلەکانیاندا ڕووبەڕوو و ڕاستەوخۆ چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.

بەڵام دەزگای داد ئەو داوایەی پارێزەرانی بۆ چاوپێکەوتن ڕەتکردەوە و بڕیاری قەدەغەى چاپێکەوتنی بۆ ٦ مانگ تاوەکو ١٢ی تشرینی یەکەم کردبوو بە پاساو. قەدەغەى چاوپیکەوتن لەگەڵ پارێزەران، کە لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا دەرچووبوو لە ٢٢ی نیسان دا کۆتایی پێهاتووە. سەرەڕای کۆتایهاتن بەو بڕیاری "قەدەغە"یە، کە کردبوویان بە پاساو بۆ "قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن"، بەڵام رێگە بە پارێزەران نادرێت لەگەڵ ئوجەلان کۆببنەوە و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. پارێزەران ڕۆژی ٢٦ی نیسان جارێکی تر داوای چاوپێکەوتنیان کردبوو، بەڵام هیچ وەڵامێکیان بە ئەرێنی و نەرێنی پێنەدرایەوە.

پارێزەرانی ئۆجەلان ئەمڕۆش جارێکیتر داوایان لە داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوبەرایەتیی زیندانی ئیمرالی کردووە تاوەکو چاوپێکەوتن لەگەڵ موەکیلەکانیاندا ئەنجام بدەن.

ژ.ت