پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی ئامەد پشتگیری بۆ پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاند
پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی ئامەد پشتگیری خۆی بۆ بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاند.
پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی ئامەد پشتگیری خۆی بۆ بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاند.
پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی ئامەد لەگەڵ ئەندامانی پلاتفۆرمەکانی دیموکراسی شارەکانی هەرێمەکە، لە گۆڕەپانی شێخ سەعید دەربارەی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
بانگەوازەکە هیوابەخشە
ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکە لەلایەن هاوسەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندرووستی و کۆمەڵایەتی ئامەد، محەمەد نور ئولوش خوێنرایەوە، تیشکی خستەسەر سیاسەتی پشتگوێ خستن و فشارخستنە سەر ناسنامەکان، ڕایگەیاند پرسی کورد بە شەڕ و ئاسیمیلاسیۆن چارەسەر نابێت، بەڵکو بە ڕێبازی دیموکراتیک و ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی خەرجکردنی بودجە بۆ سیاسەتی شەڕ، قەیرانی ئابووری و هەژاری و بێکاری زیاتر بووە، تەنانەت کاریگەری کۆمەڵایەتیشی هەبووە، گوتی: "بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان لە ٢٧ ی شوباتی ٢٠٢٥، هیوای نوێی ئافراند بۆ چارەسەری پرسی کورد. ئەم نەخشەڕێگایەی بەڕێز ئۆجالان نەوەک هەر ڕێگە بۆ کۆتاییهێنانی شەڕ دەکاتەوە، هاوکات ئاشتیەکی دیموکراتیک و درێژخایەن دەهێنێت. پێویستە گەلان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی تورکیا بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بەرپرسیاربن".
هەروەها تیشکی خستەسەر ئەرکی پەرلەمان بۆ چارەسەری دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیک.
ڕۆڵی ژنان
ئولوش ڕایگەیاند لە بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئازادییدا، ژنانی ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە، بەبێ ئازادی ژنان دیموکراسی بەدی نایەت. هەروەها جەختی کردەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، دەبێت هەمووان بە ناسنامەی خۆیانەوە بژین، دیدگای ئیدارەی دیموکراتیک و بەشداری ڕاستەوخۆی گەل فەراهەم بکرێت، دەبێت دانانی قەیوم کۆتایی بێت، وە مافی پەروردە بە زمانی دایک قبووڵ بکرێت، فشاری سەر ڕاگەیاندن و بیرکردنەوە و ڕێکخراوبوون هەڵبگیرێت، بۆ یەکسانی و ئازادی دەبێت یاساکان هەمووار بکرێنەوە. تیشکی خستەسەر ڕۆڵی پەرلەمان لە بەدیهێنانی ئەم داخوازییە دیموکراسییانەدا.
مافی هیوا
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئیهەدە) ئەکین یەتەر تیشکی خستەسەر مافی هیوا ڕایگەیاند بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە کە خواستی چەند ساڵەی گەلی کوردە، دەبێت مافی هیوا جێبەجێ بکرێت، گوتی: "دەبێت بۆ بەڕێز ئۆجالان و نوێنەری دامەزراوە خاوەن ئیرادەکان دەرفەت بڕەخسێنرێت. دواجار ئیرادەی ئێمە بۆ گۆڕان و گۆڕانکاری لە بنیاتنانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا شکڵ دەگرێت. بژی تێکۆشان".
بە پراکتیک پشتگیری دەکەین
لەسەر ناوی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک محەمەد ئەمین ئای ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ هیوای بە گەلان بەخشی، هەموو ئایینەکان ئاشتی بە گرنگ دەبینن، دووپاتی کردەوە ئەوە ٥٠ ساڵە تورکیا بووەتە وڵاتێکی پڕ لە شەڕ و پێکدادان، مافی مرۆڤ پێشێلکراوە، نکۆڵی و ئاسیمیلاسیۆن سەپێنراوە، گوتی: "بۆیە بانگەوازەکەی بە ڕێز ئۆجالان زۆر گرنگە. وەک گەلی کوردستان پشتگیری لەم بانگەوازە دەکەین و بە گرنگی دەبینین. بۆ ئەوەی بە پراکتیک ئەم بانگەوازە سەربخەین، نەوەک هەر بە فیکر، بە پراکتیک پشتگیری دەکەین. بانگەواز لە هەموو باوەڕەکانی تورکیا دەکەین پشتگیری لەم پرۆسەیە بکەن".